رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە بیناسازییەکان بازاڕی کارگە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لاواز کردووە، خاوەن کارگەیەکی بلۆک دەڵێت، "بەرهەمیان نزیکەی 80% کەمیکردووە و فرۆشیان نەماوە." شارەزایەکی خانووبەرەش دەڵێت، گرانیی کەرەستەکان کاریگەریی لەسەر نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون نابێت.
دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و راگرتنی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو بۆ کارگەکان، نرخی کەرەستە بیناسازییەکانی بەرز کردووەتەوە.
بەرزبوونەوی نرخەکان، بازاڕی کەرەستە بیناسازییەکانی لاواز کردووە و بەراورد بە رابردوو فرۆشیان زیاتر لە نیوە کەمیکردووە.
رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2026 محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی رووداو لەگەڵ شارەزایانی بازاڕی خانووبەرە، فرۆشیار و خاوەن کارگەکان گفتوگۆی لەبارەی کاریگەریی گرانبوونی کەرەستە بیناسازییەکانەوە کرد.
مستەفا عەزیز، نوێنەری خاوەن کارگەکانی بلۆک لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە رانیەوە میوانی رووداو بوو و رایگەیاند، پێش گرانبوونی چیمەنتۆ، 1000 بلۆکیان بە 350 هەزار دینار دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بووەتە 550 هەزار دینار.
باسی لەوەش كرد، گرانبوونی کەرەستەکان بازاڕی لاواز کردووە، بە جۆرێک کە پێشتر رۆژانە نزیکەی 10 هەزار بلۆکیان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا دوو بۆ سێ هەزارە.
خاوەن کارگەکانی بلۆک هەموو سەرنجیان لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستانە، وەکو خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، بەهۆی گرانیی کرێی گواستنەوە و سووتەمەنییەوە ناتوانن بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق بنێرن.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە 87 هەزار دینارەوە بووەتە 132 هەزار دینار، تۆنێک شیش لە 800 هەزار دینارەوە بووەتە 905 هەزار دینار. نرخی 1000 بلۆکیش لە 300 – 350 هەزار دینارەوە بووەتە 500 – 550 هەزار دینار.
نرخی مەترێک لم لە 14 هەزار دینارەوە بووەتە 22 هەزار دینار، مەترێک چەو لە 8 هەزار دینارەوە بووە بە 15 هەزار دینار، مەترێک سێجا کۆنکرێتی ئامادەکراو لە 53 هەزار دینارەوە بووە بە 81 هەزار دینار.
ئازاد جەلال، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەلکا سۆفا بۆ دیکۆراتی خانووبەرە و بیناسازی، کە زۆربەی ئەو بەرهەمانەی دەیفرۆشن لە نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، بە رووداوی گوت، "تەنیا سلیکۆن هاوردە دەکەین، لە رابردوو تۆنێکی بە هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا هەر تۆنێکی بووە بە 1500 دۆلار."
عێراق بە فەرمی نرخی دراوەکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دابەزاندووە، هەر 100 دۆلارێکی بۆ مامەڵەی هاونیشتمانییانی بە 152 هەزار دینار جێگیر کردووە.
بە گوتەی ئازاد جەلال، گرانی کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئەوانیش هەبووە، "ئێستا بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینارەوە نرخی کەرەستە بیناسازییەکان گران بوون، چونکە زۆربەی مامەڵەکان بە دۆلار دەکرێن."
ئازاد جەلال رەتیکردەوە تاوەکو ئێستا ئەوان نرخی کەرەستەکانیان بە نرخی دۆلاری نوێ بفرۆشن و گوتی، "تاوەکو کەرەستەی پێشوو لە کۆگاکانمان هەبێت، نرخەکان ناگۆڕین، بەڵام چاوەڕێ دەکەین مانگێکی دیکە گۆڕانکاری بکەین."
ئازاد جەلال داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، هاوکاریی کارگە و شوێنە بازرگانییەکان بکەن تاوەکو نرخەکان بەرزتر نەبنەوە، لە نێویاندا لابردنی باجی گومرگی.
خاوەن کارگەکان: کرێی کارەبا گرانە
لە پرۆژەی رووناکی بۆ کارەبای 24 کاژێری، نرخی هەر کیلۆوات/ کاژێر کارەبا بۆ هاوبەشانی بازرگانی بە 185 دینار، بۆ پیشەسازی بچووک بە 160 دینار و بۆ پیشەسازیی گەورە بە 125 دینار دیاریکراوە.
خاوەن کارگەکانی بلۆک نرخی کارەبا بە گران دەزانن، نوێنەری خاوەن کارگەکانی بلۆک لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی، "خاوەن کارگە هەیە نزیکەی 26 ملیۆن دینار کرێی کارەبای بۆ هاتووەتەوە، کە بارگرانییەکی گەورەیە و پارەکەش نەدرێت کارەباکە دەبڕدرێت."
بەگوێرەی ئاماری نوێنەری کارگەکانی بلۆک لە دەڤەری راپەڕین، زیاتر لە 70 کارگەی بلۆک هەن، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی 20%یان کار دەکەن.
ئەگەرچی ژمارەیەک لە خاوەن کارگەکان لە کرێی کارەبا قەرزداری حکومەتن، بەڵام وەکو نوێنەری خاوەن کارگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی، "ئەوانیش قەرزێکی زۆریان لای هاووڵاتییانە، لە ترسی پێنەدانەوەی قەرزەکان، هەندێک لە کارگەکان ناوێرن کارگەکانیان دابخەن."
گرانیی کەرەستە بیناسازییەکان نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەرز دەکەنەوە؟
میران سەفینی، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری لقەکانی کۆمپانیای میران بۆ خانووبەرە، یەکێکی دیکە بوو لە میوانانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو و گوتی، "زۆربەی کات خاوەن پڕۆژەکان بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی کوالێتییەکان کە ئەوەیش مەترسییەکی گەورە دروست دەکات."
باسی لەوەش کرد، "بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە بیناسازییەکان تەنیا تێچوویەکی کەم لەسەر خاوەن پڕۆژەکان دروست دەکەن، بۆیە بە دوور دەزانرێت نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەسەر کڕیاران گران بکرێت."
لەبارەی بازاڕی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، میران سەفینی ئاماژەی بەوە کرد، "5 ساڵە بازاڕی شوقە لە دابەزینە و بەرز نابێتەوە، بە جۆرێک کە ئەگەر لە رابردوودا شوقەیەکت بە 250 هەزار دۆلار کڕیبێت، ئێستا بە 125 هەزار دۆلار بیفرۆشی نزیکەی 50% زیان دەکات."
بە گوتەی سەفینی، ئەو پڕۆژانەی سەوزاییان زۆرە و بۆ خێزان دەبن، بەروارد بە پڕۆژەکانی دیکە نرخیان بەرز دەبێتەوە یان نرخەکانیان بە جێگیری دەمێنێتەوە.
میران سەفینی باسی لەوەش کرد، ئێستا کۆگا باشترین وەبەرهێنانە تاوەکو هاونیشتمانییان و کڕیاران بتوانن قازانجی لێ بکەن.
کۆمپانیای میران بۆ خانووبەرە، رووپێوییەکی بۆ نرخی یەکە لە پڕۆژەکانی هەولێر کردووە، بەگوێرەی رووپێوییەکە لە یەکە بازرگانییەکان کەمترین نرخ 250 دۆلارە بۆ هەر مەترێک و بەرزترین نرخیش 1800 دۆلارە.
نزمترین نرخی ڤێلا 564 دۆلارە بۆ هەر مەترێک و بەرزترین نرخیش 1714 دۆلارە، نزمترین نرخی شوقەش 680 دۆلارە بۆ هەر مەترێک و بەرزترینی 1350 دۆلارە.

