رووداو دیجیتاڵ
دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و هەڵگرتنی پاڵپشتیی حکومەتی فیدراڵی لەسەر سووتەمەنیی کارگەکان، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی بیناسازی و دروستکردنی بارگرانییەکی زۆر لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەموو مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی یەکە نیشتەجێبوونەکان و وەرگرتنی قیستەکان دەکرێنە دینار.
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، گۆڕانکاری لە بەهای دراو و سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەتی عێراق کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەواوی کەرتەکانی وەبەرهێنان داناوە، بەتایبەتی کەرتی نیشتەجێبوون کە راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی هاونیشتمانییانەوە.
گۆڕینی مامەڵە بۆ دینار
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی گوشاری زیاتر لەسەر هاووڵاتییان، دەستەکەیان نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکرێنە دیناری عێراقی. محەممەد شوکری گوتی، "ئێمە پێشنیازمان کردووە کە نرخی کڕین و فرۆشتن بکرێتە دینار بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە بەهای دینار و دۆلاردا هەیە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر هاووڵاتییان دروست نەکات."
بە گوتەی محەممەد شوکری، ئەم هەنگاوە سەقامگیرییەک بە بازاڕ دەبەخشێت، چونکە مووچەی فەرمانبەران و زۆرینەی مامەڵەکانی رۆژانەی بازاڕ بە دینارە. محەممەد شوکری روونیکردەوە، "فەرمانبەرێک یان هاووڵاتییەک پێشتر مانگانە 300 دۆلاری وەک قیست دەدا، پێویستی بە نزیکەی 450 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە، پێویستی بە بڕە پارەیەکی زیاترە، ئەمەش لە کاتێکدایە مووچەکەی جێگیرە و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە."
دەستەی وەبەرهێنان مەرجی بۆ پڕۆژە نوێیەکان داناوە کە لە داهاتوودا مۆڵەتیان پێدەدرێ، دەبێت پابەند بن بە فرۆشتنی یەکەکانیان بە دینار و وەرگرتنی قیستەکانیش بە هەمان دراو بێت، تاوەکو کڕیار لە سەرەتاوە بزانێت کە بە دراوی ناوخۆیی مامەڵە دەکات.
راگرتنی مۆڵەتی نوێ و چارەنووسی قیستەکان
وەک هەنگاوێک بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ، د. محەممەد شوکری ئاشکرای کرد کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، پێدانی مۆڵەتی نوێ بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ساڵی 2024ـەوە راگیراوە، جگە لە چەند دۆخێکی تایبەت، وەک پڕۆژەیەک کە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بووە و بە رەزامەندیی سەرۆکی حکومەت مۆڵەتی پێدراوە.
سەبارەت بە چارەنووسی قیستی ئەو هاونیشتمانییانەی کە پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "ئێمە لەگەڵ وەبەرهێنەران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ماوەی دانەوەی قیستەکان درێژبکرێتەوە. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانمان بۆ وەبەرهێنەران ئەوەیە کە ماوەی قیستەکان بۆ هاووڵاتییان درێژبکەنەوە تاوەکو گوشارە داراییەکەیان لەسەر کەمبێتەوە."
کێشەی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان
بابەتێکی دیکە پرسی کارەبای پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بوو. محەممەد شوکری رایگەیاند، پلانێک هەیە بۆ ئەوەی هەموو پڕۆژەکان بخرێنە سەر سیستمی (پڕۆژەی رووناکی)، بەڵام ئەم پرۆسەیە رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ بووەتەوە، بەتایبەتی لە پڕۆژە کۆنەکاندا.
باسی لەوەشکرد کە نرخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پڕۆژەکاندا کەمکراوەتەوە و کراوەتە دینار و گوتی، "بەراورد بە ساڵی 2020، ئێستا نزیکەی 60%ی نرخی خزمەتگوزارییەکان کەمکراوەتەوە و تەنیا 40%ی ماوەتەوە. هەروەها بڕیارێک هەیە کە لایەنە فەرمییەکانی حکومەت ئەرکی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ئەستۆ بگرن، کە ئەمەش بارگرانیی زیاتر لەسەر شانی هاووڵاتییان کەمدەکاتەوە."
هۆکارەکانی گرانبوونی کەرەستەی بیناسازی
یەکێکی دیکە لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم کەرتی خانووبەرە، بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی بیناسازییە. د. محەممەد شوکری هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانبوونەی گەڕاندەوە بۆ بڕیارێکی حکومەتی عێراق و گوتی، "نەمانی پاڵپشتیی حکومەتی عێراق لەسەر کارگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی شیش و چیمەنتۆ، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وایکردووە نرخی کەرەستەی بیناسازی بەرزببێتەوە."
بەپێی قسەکانی، پێشتر حکومەتی عێراق سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو دەدایە کارگە گەورەکان لە هەموو عێراق، بەڵام ئێستا ئەو پاڵپشتییەی هەڵگرتووە، "ئەمەش وایکردووە نرخی شیش، چیمەنتۆ، کۆنکرێت و هەموو پێداویستییەکانی دیکەی بیناسازی بەرزبێتەوە و لە کۆتاییدا بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی."
محەممەد شوکری جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەم پاڵپشتییە دابین بکات و پێویستە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بێت.


