رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی رۆژانەی گاز لە کێڵگەى عەککاز لە ئەنبار دەگاتە 100 ملیۆن پێ سێجا و بۆ قۆناخی دووەم دەیگەیێننە 400 ملیۆن پێ سێجا، ئەو وزەیەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە شارەکە بەکاردەهێنرێت.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی عەککاز دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکرێت وەک قۆناخی یەکەم تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی بگاتە 100 ملیۆن پێ سێجا.
کێڵگەی عەککاز لە باشووری رۆژئاوای قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبارە و لە ساڵی 1992ـەوە ئەو کێڵگەیە دۆزراوەتەوە.
موئەیەد دلێمی گوتی: "بۆ قۆناخی یەکەم ئەو گازەی کە لە کێڵگەی عەککاز بەرهەم دەهێنرێت، لە هەمان کێڵگە بۆ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار دەهێنرێت".
لە ساڵی 2025 وەزارەتی نەوت گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای شلمبێرگەری ئەمریکی واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە.
گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار رایگەیاند، بۆ قۆناخی دووەم ئاستی بەرهەمهێنان دەگەیێنرێتە 400 ملیۆن پێ سێجا و لە رێگەی بۆرییەکەوە بە درێژایی 250 کیلۆمەتر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هێت و کە توانای بەرهەمهێنانی 1462 مێگاواتی دەبێت و بۆ کارەبای شارەکە و تۆڕی نیشتمانی سوودی لێ دەبینرێت.
بۆ یەدەگی کێڵگەی عەککاز 5.6 تریلیۆن پێ سێجایە، پێشتر درابووە کۆمپانیای کۆکازی کۆریای باشوور، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنی و شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014 لە پڕۆژەکە کشایەوە.




