رووداو دیجیتاڵ
تورشیی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتووەتە 121 وڵاتی جیهان و ئەڵمانیاش لە پلەی یەکەمی کڕیارەکانیدایە. ئامانجی هەموو ساڵ هەناردەکردنی تورشییە بایی 500 ملیۆن دۆلار.
تورکیا لە 9 مانگی رابردوودا و لە رێگەی هەناردەکردنی تورشییەوە 301 ملیۆن و 675 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە. تورشیی بیبەر و خەیار پێکەوە نزیکەی 86٪ی کۆی گشتیی هەناردەکەیان پێکهێناوە و ئەڵمانیاش گەورەترین کڕیاری تورشیی تورکیا بووە.
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتییەکانی هەناردەکارانی ناوچەی ئیجە – کە دەکەوێتە سەر دەریای نێوەراست، تورکیا لە کانوونی یەکەمەوە تاوەکو تشرینی یەکەم، 197 هەزار و 692 تۆن تورشی هەناردەی 121 وڵات کردووە.
داهاتی هەناردەکردن بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کە 300 ملیۆن و 972 هەزار دۆلار بوو، کەمێک بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 301 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار.
زۆرترین داهات لە هەناردەکردنی تورشیی بیبەرەوە بووە کە 126 ملیۆن و 551 هەزار دۆلار بووە. دوای ئەویش تورشیی خەیار دێت بە 129 ملیۆن و 87 هەزار دۆلار.
ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمی کڕیارەکاندایە
لە هەناردەکردنی تورشیدا ئەڵمانیا بە کڕینی 56 ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەمدایە. دوای ئەویش ئەم وڵاتانە دێن:
•ئەمریکا: 32 ملیۆن و 724 هەزار دۆلار
•هۆڵەندا: 29 ملیۆن و 118 هەزار دۆلار
•بەریتانیا: 27 ملیۆن و 379 هەزار دۆلار
•ئیسپانیا: 13 ملیۆن و 95 هەزار دۆلار
ئامانج: 500 ملیۆن دۆلار تاوەکو کۆتایی ساڵ
محەممەد ئەلچیبۆغا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یەکێتیی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی فرێشی ناوچەی ئیجە رایگەیاند، تورکیا ماوەی 9 ساڵە گەورەترین بەرهەمهێنەری تورشییە لە جیهاندا.
ئەلچیبۆغا ئاماژەی بەوەشکرد، تورشیی تورکیا لە جیهاندا وەک بەرهەمێکی کواڵیتی بەرز ناسراوە و لە زنجیرە خواردنگە خێراکاندا بەکاردەهێندرێ؛ هەروەها روونیکردەوە کە 75٪ی هەناردەی تورشیی تورکیا لە هەرێمی ئیجەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەلچیبۆغا گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ هەناردەکەمان بگەیێنینە 500 ملیۆن دۆلار. هەناردەکردن بە شێوەی خاو بەنرخە، بەڵام زیادکردنی بەرهەم، دانانی لەناو شووشە و هەناردەکردنی بۆ نزیکەی 130 وڵاتی جیهان، زۆر بەنرخترە."
ناوچەی ئیجە یەکێکە لە 7 هەرێمە جوگرافییەکەی تورکیا کە دەکەوێتە سەر دەریای ئیجە، لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست. ئەو هەرێمە لە 8 پارێزگا پێکدێ و رووبەرەکەی دەگاتە نزیکەی 90 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.


