رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ کەمێک دابەزی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی بڕیاری سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا دەکەن. هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی جەنگی ئەمریکا و ئێران تا رادەیەک ئارامییان بە بازاڕەکانی وزە بەخشی، هەرچەندە ترسی هەڵاوسان وەک گوشار بەسەر زێڕەوە ماوەتەوە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.2% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 4010 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
زێڕ لە مامەڵەکانی دوێنێدا بە رێژەی 0.5% بەرزببووەوە، لە کاتێکدا بازرگانان پێشبینیی ئەوە دەکەن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە.
هاوکات نرخی نەوت بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک دابەزینی تۆمارکرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەستپێکردنی خولێکی نوێی هەوڵە دیپلۆماسییەکان هیوای ئەوەی دروستکرد کە رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بکرێت.
سەرەڕای باشتربوونی ئاسۆی دیپلۆماسی، زێڕ هێشتا لەژێر گوشاری ترسی هەڵاوساندایە کە بەهۆی بەرزمانەوەی نرخی وزەوە دروست بووە. بازاڕەکان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەدا تەنیا بە نزیکەی 10% دادەنێن، بەڵام بەرزمانەوەی نرخی وزە وادەکات ئەگەری بەرزکردنەوەی سوود پێش کۆتایی ئەمساڵ بە بەرزی بمێنێتەوە.
وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێریی بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژە سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی بانکەکە. هێوربوونەوەی زیاتری گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان دەتوانێت هاوکار بێت لە کۆنترۆڵکردنی تێچووی وزەدا، بەڵام بەردەوامیی هەڵاوسان وادەکات ئەگەری تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختینەیی لە داهاتوودا بە کراوەیی بمێنێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
