رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق دڵنیایی دەدات کە کۆگای ستراتیژیی خۆراک، دەرمان و بەرهەمە نەوتییەکان پارێزراوە و بەشی تەواوی پێداویستیی هاووڵاتییان دەکات. هەروەها بڕیاری دا ئاسانکاریی دارایی بۆ خێراکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی کەنداو بکرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی پازدەیەمی ئەنجوومەنەکە بەڕێوەچوو. محەممەد تەمیم رایگەیاند کە "گەورەترین ئاڵنگاری لە قۆناخی داهاتوودا، ئاڵنگاریی ئابووری دەبێت."
بۆ بەدواداچوونی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، ئەنجوومەنەکە میوانداریی بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراک و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان (کیمادیا)ی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکانی بازرگانی، تەندروستی و نەوت بۆ دەستەبەرکردنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی تاوتوێ کران، تاوەکو لە ئەگەری هەر تەنگژەیەکدا بازاڕ تووشی کورتهێنان نەبێت. ئەنجوومەنەکە دڵنیایی دا کە کۆگای ستراتیژیی ئەو کەرتانە لە ئاستێکی تەواو دڵنیابەخشدایە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداو، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی کارەبا و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە. ئەنجوومەنی ئابووری فەرمانی کرد بە لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە و پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد کە وەرگرتنی باج و رسووماتی سەر پڕۆژەکە دوابخرێت تاوەکو کارەکانی بە خێرایی تەواو بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، ئەنجوومەنی وەزاری بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاری بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە لە دۆخی کۆمپانیا گشتییەکانی سەر بە وەزارەتەکان، تاوەکو پێشنیازی پێویست بۆ پەرەپێدانی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان ئامادە بکرێت.

.avif&w=3840&q=75)

