رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی دراوی نەختینەیی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و بازاڕی هاوتەریب لە 24%ـەوە بۆ 9% دابەزیوە.
نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "هیچ جۆرە چاپکردنێکی دراو نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر چاپکردنی دراوی کاخەز و نەختینەیی بڵاودەکرێنەوە، ناڕاستن."
سەبارەت بە دۆخی بازاڕی دراو، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی هاوتەریب دەگەیشتە 24%، بەڵام ئێستا ئەو جیاوازییە بۆ تەنیا 9% کەمبووەتەوە.
هاوکات ئاماژەی بە رێکارەکانی بانکەکە کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی عێراق، لەوانەش پشتگیریکردنی سەرجەم بانکە حکومی و ئەهلییەکان بۆ پێدانی قەرزی ئاسانکاری بە هاووڵاتییان، کە بڕەکەی لەنێوان 5 بۆ 15 ملیۆن دیناردایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەو قسانەی بۆ لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان کرد کە ناهیدە داینی، سەرۆکی تەمەنی لیژنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەکە سەردانیان کردبوو، بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و ئابووری.
لای خۆیەوە لیژنەکە جەختی لە پێویستیی سنووردارکردنی لێکەوتەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ لەسەر تێچووی پرۆژەکان، نرخی کەرەستەی خاو و توانای کڕینی هاووڵاتییان کردەوە. هەروەها داوای کرد هاوسەنگی لەنێوان سەقامگیریی نەختینەیی و پاراستنی کەرتی وەبەرهێنان رابگیرێت و رێکارە داراییەکان بۆ وەبەرهێنەران ئاسان بکرێن تاوەکو بارگرانیی دارایی زیاتر دروست نەبێت.
سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند هەر دۆلارێکی بە 1500 دینار دیاری کرد.
بەهای نوێی هەر دۆلارێک بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم: نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم: نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم: نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
.jpg&w=3840&q=75)

