رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوبوونەوەی لیستێکی تایبەت بۆ پشکنین و وردبینیکردن لە هەژماری بانکیی چەند کەسایەتییەکی سیاسی رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، رێکارەکانیان بە تەواوی پیشەیین و دوورن لە هەر مەرامێکی سیاسی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە داواکاریی بانک بۆ وردبینیکردن لە هەژماری بانکیی چەند کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراو بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە راستییەوە و بنەمایان نییە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم جۆرە دەنگۆیانە گوزارشت لە سرووشتی کارکردن و رێکارە دامەزراوەییەکانی بانکی ناوەندی ناکەن. داواش لە میدیاکان و هاووڵاتییان دەکات، زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و نەکەونە داوی هەواڵی ناڕاستەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق جەختیشی کردەوە، رێکارە چاودێری و وردبینییەکانی بانک بۆ سەر کەرتی دارایی، بەشێکن لە ئەرکە یاسایی و ئاساییەکانی خۆی، کە بەپێی ستانداردە بانکییە کارپێکراوەکان بەڕێوەدەچن و "هیچ رەهەند یان پاڵنەرێکی سیاسییان لەپشت نییە."

.jpg&w=3840&q=75)
