رووداو دیجیتاڵ
دزینی 6.3 ملیار دۆلار لە گەورەترین پلاتفۆرمی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی لە جیهاندا (باینانس)، نوێترین و گەورەترین دەستکەوتی هاککەرەکانی کۆریای باکوورە؛ ئەوان زیاتر لە دەیەیەکە خەریکی پەرەپێدانی سیستمێکی پێشکەوتووی دزینی دارایی و هێرشە ئەلیکترۆنییە ئاڵۆزەکانن.
رۆژی شەممە، 31-10-2026، باینانس رایگەیاند زیاتر لە 6.34 ملیار دۆلاری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هاککردن تەرخانکردووە و تاوەکو ئێستا 90٪ـی زیانەکانی پڕکردووەتەوە. تەواوی دراوە دیجیتاڵییە سەرەکییەکان (لەنێویان بیتکۆین و ئیسریۆم) بە رێژەی 100٪ پاڵپشتیی دارایی کراون و بەکارهێنەران هیچ زیانێک ناکەن.
ئەم هێرشە بە تێکەڵکردنی تاکتیکە کۆنەکانی هاککردن لەگەڵ خێراییەکی باوەڕپێنەکراو و بەکارهێنانی سیستمی خۆکار ئەنجامدراوە، ئەمەش پرسیاری گەورەی لەسەر ئەوە دروستکردووە کە چۆن ژیریی دەستکرد تواناکانی ئەم هاککەرانەی بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرزکردووەتەوە؟
پلاتفۆرمی باینانس، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هاوبەشەکانی لە تۆڕی بلۆکچەین توانیویانە لانیکەم 3 ملیار دۆلار لەو 6.3 ملیار دۆلارە دزراوە لەسەر تۆڕەکە سڕ بکەن و رێ لە دزینی بگرن؛ کۆمپانیاکە پێی وایە هاککەرەکان لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی لاپتۆپی یەکێک لە ئەندازیارەکانی کۆمپانیاکە، شانبەشانی چەند کەلێنێکی دیکەی ئەمنی چوونەتە نێو سیستمەکەوە.
چەندین کۆمپانیای لێکۆڵینەوە لە بلۆکچەین ئەم هێرشەیان بەستەوە بە گرووپی هاککەری (ترەیدەر ترەیتەر)، کە لقێکی سەر بە گرووپی بەناوبانگی (لازارۆس)ـی سەر بە حکومەتی کۆریای باکوورە.
ریچارد تێنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری باینانس، رۆژی هەینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی، هێرشکەرەکان لە کاتی ئەنجامدانی تاڵانییەکەدا "میکانیزمێکی لەنێوبردنی خۆکارانەیان بەکارهێناوە کە سەرجەم کەرەستە و شوێنپێیەکانی هێرشەکەی سڕیوەتەوە"، ئەمەش لێکۆڵینەوەکانی لەسەر رووداوەکە زۆر قورستر کردووە و جەختی کردەوە کە "ئەمە هێرشێکی یەکجار ئاڵۆز بوو."
مێژووی دزییە ئەلیکترۆنییەکانی پیۆنگیانگ
بەگوێرەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراون، هاککەرەکانی سەر بە حکومەتی کۆریای باکوور زیاتر لە 10 ساڵە سەرقاڵی ئەنجامدانی دزیی گەورەی دارایی و هێرشی ئەلیکترۆنین و دزینی دراوی دیجیتاڵییان کردووەتە پیشەسازییەکی بەرفراوانی دەوڵەتی.
لە ساڵی 2016ـدا، ئەم هاککەرانە هەوڵیان دا نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندیی بەنگلادیش بدزن و توانییان 81 ملیۆن دۆلاری بە سەرکەوتوویی ببەن.
لە ساڵی 2017ـشدا، پەنجەی تۆمەت بۆ کۆریای باکوور درێژ کرا لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی باجخوراوی (وۆناکرای)، کە بووە هۆی ئیفلیجکردنی سەتان هەزار کۆمپیوتەر لە زیاتر لە 150 وڵاتی جیهاندا.
هەمان ئەم گرووپەی کۆریای باکوور (ترەیدەر ترەیتەر)، ساڵی رابردووش گەورەترین ریکۆردی دزینی دراوی دیجیتاڵی شکاند کاتێک 1.5 ملیار دۆلاری لە پلاتفۆرمی (بایبیت) دزی.
دزینی ملیاران دۆلار لە تەنیا 20 خولەکدا
شارەزایان بە ماڵپەڕی هەواڵی (ئاکسیۆس)ـیان راگەیاندووە، هاککەرەکانی کۆریای باکوور رۆژ بە رۆژ لە هێرشەکانیاندا خێراتر و لێهاتووتر دەبن. ئێریک جاردین، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە کۆمپانیای چاودێریی بلۆکچەین (چەینالیسیس) دەڵێت: "ئەوان بە کردەیی هەموو گرووپە هەڕەشەکارەکانی دیکەیان لە گۆڕەپانەکە وەدەرناوە، بەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو دراوە دیجیتاڵییەی لە هەر ساڵێکدا دەدزرێت، دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە."
کۆمپانیای چەینالیسیس لە راپۆرتێکی توێژینەوەدا رۆژی هەینی ئاشکرای کرد، هاککەرەکان توانیویانە لە ماوەی تەنیا 20 خولەکدا ئەو ملیاران دۆلارە لە باینانس ببەن. هەروەها بە خێراییەکی بێوێنە بەڵگەکانی هێرشەکەیان سڕیوەتەوە و پارەکەیان سپیکردووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە بە درێژایی ئۆپەراسیۆنەکە سیستمی تەواو خۆکاری ئەلیکترۆنییان بەکارهێناوە.
توێژەرانی کۆمپانیای (تی ئار ئێم لابس) بۆیان دەرکەوتووە کە هاککەرەکان تەنیا 36 کاژێر پێش دەستپێکردنی هێرشەکە ئامادەکارییان بۆ کردووە. جاردین گوتیشی: "مامەڵە داراییەکان بە خێرایی و قەبارەیەک ئەنجام دەدران کە مەحاڵ بوو مرۆڤ بەدەست پەسەندیان بکات؛ بە دڵنیاییەوە ئەوە لەلایەن کۆمپیوتەر و بە شێوازی خۆکار ئەنجام دراوە."
ساختەکاریی کارمەندانی ئای تی بە ژیریی دەستکرد
ڤیجای بالاسوبرامانیان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاودامەزرێنەری کۆمپانیای (پیندرۆپ سکیوریتی) بە ئاکسیۆسی راگەیاند، ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و سیستمی خۆکار نیشانەی سەرەکیی هێرشە نوێیەکانی کۆریای باکوورن.
پێشکەوتنی کەرەستە دەنگی و ڤیدیۆییەکانی ژیریی دەستکرد وای لە کۆریای باکوور کردووە فێڵێکی بەرفراوان لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات؛ بە جۆرێک هاووڵاتییانی کۆریای باکوور بە بەکارهێنانی رووخسار و دەنگی دەستکرد لە رێگەی ئۆنلاینەوە وەک کارمەندی تەکنەلۆژیای زانیاری (ئای تی) لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا دادەمەزرێن.
بالاسوبرامانیان ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو، داواکارییەکانی دامەزراندنی کۆریای باکوور یەک داواکاری بوو لە کۆی هەر 343 داواکارییەک لە ئەمریکا؛ بەڵام ئەمساڵ لەنێو کۆمپانیاکانی کڕیاریاندا گەیشتووەتە 1 لە کۆی هەر 47 داواکارییەک.
گوتیشی: "ئەمە بنەمای هەموو کارەکانیانە؛ بابەتەکە تەنیا ژیریی دەستکرد نییە، بەڵکو قەبارەکەیەتی؛ بژاردەکانی ژیریی دەستکرد هێندە زۆرن، کەرەستەکان هێندە هەرزانن کە بوونەتە ژینگەیەکی گەورە بۆ ئەوان."
چارەنووسی بەشەکەی دیکەی پارە دزراوەکە
ئێریک جاردین لە کۆمپانیای چەینالیسیس پێی وایە، دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و لێکۆڵەرانی بلۆکچەین هێشتا دەتوانن ئەو نیوەیەی دیکەی پارە دزراوەکەی باینانس (نزیکەی 3.3 ملیار دۆلار) بگەڕێننەوە، ئەگەر بێت و ئەو پارەیە بچێتە نێو ژێرخانی پلاتفۆرمە ناسراوەکانی دیکەی ئاڵوگۆڕ و بەڕێوەبەرەکانیان بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ سڕکردنیان. گوتیشی: "هێشتا لە سەرەتای کارەکەداین."


