رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق پلانی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ چوار وڵاتی ناوچەکە، بەرهەمهێنانی هەزاران مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆر و دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێ، ئامانجیانە تاوەکو هاوینی 2027 زۆربەی ئەو پڕۆژانە بخەنە کار.
رۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد جیاد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق هەنگاوی کردەیی بەرەو فراوانکردنی بەستنەوەی تۆڕی کارەباکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئەنجامداوە و بە چەندین ئاراستە کار دەکات و گوتی: "لەگەڵ ئوردن هەوڵ دەدەین کە تاوەکو هاوینی 2027 ئاستی هێڵەکە لە 100 مێگاواتەوە بۆ 150 مێگاوات بەرز بکەینەوە. سەبارەت بە هێڵی تورکیاش، ئێستا 600 مێگاوات دەگات و کار دەکەین لە سەرەتای هاوینی 2027ـدا بیگەیێنینە 800 مێگاوات."
ئەحمەد جیاد سەبارەت بە بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی کەنداو و سعودیەوە گوتی: "گفتوگۆ و دانوستاندن بەردەوامە بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای سعودیە لە رێگەی سیستمی کێبڵی پەستانی بەرزی نەگۆڕ بە توانای 2000 مێگاوات کارەبا. لە پڕۆژەی بەستنەوە لەگەڵ کوێتیش، لایەنی عێراقی 98٪ـی کارەکانی تەواو کردووە، بەڵام لە لایەنی کوێتەوە بەهۆی پێشهاتە و رووداوەکانی ئەم دواییەوە کارەکان راگیرابوون؛ چاوەڕێین دەست بە کارەکان بکرێتەوە و پێش هاوینی 2027 بخرێتە کار."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا تیشکی خستەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە کە لە چەندین پارێزگا گرێبەستیان بۆ کراوە و رایگەیاند: "لە پڕۆژەی (خۆری بەسرە) لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی، ئێستا 500 مێگاوات لە خزمەتگوزاریدایە، چاوەڕوان دەکەین پێش دەستپێکی هاوینی 2027 بڕی 250 مێگاواتی دیکەی لێ زیاد بکرێ و بگاتە 750 مێگاوات. هاوکات پڕۆژەیەکی دیکەی 1000 مێگاواتیمان لەگەڵ کۆمپانیای (مەسدەر)ـی ئیماراتی هەیە کە لە قۆناخی دەستپێکردنی کارەکاندایە."
گوتیشی: "لە کەربەلا لە پڕۆژەیەکی 350 مێگاواتیدا ئێستا 50 مێگاوات بەرهەم دەهێندرێ، هەروەها پڕۆژەیەکمان بە توانای 650 مێگاوات لە پارێزگای ئەنبار هەیە؛ لەگەڵ پڕۆژەی 100 مێگاواتی لە عەمارە و 250 مێگاواتی ناسرییە."
سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و گازی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکان، ئەحمەد جیاد باسی لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کرد و ئاشکرای کرد: "گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای ئۆکسێلەرەیت واژۆ کراوە بۆ ئەوەی رۆژانە لە نێوان 250 بۆ 500 ملیۆن پێی سێجا گازمان بۆ دابین بکات. لە کاتی سەردانی وەزیری کارەبا بۆ فەرەنساش، گفتوگۆ کرا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دابینکردنی پلاتفۆڕمێکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ، کە ئەویش 250 بۆ 500 ملیۆن پێی سێجا گازمان بۆ مسۆگەر دەکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی پێوەری زیرەک کرد و ئاشکرای کرد کە ئەزموونکردنی بەستنی ئەم پێوەرانە بۆ کارگەکان، شوێنە بازرگانییەکان و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان دەستیپێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا و رێکخستنەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا کە دواتر سەرجەم ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە.


