رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوت بۆ چوارەم رۆژی یەک لەدوای یەک رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشبینییانەی پێیان وایە شکستی پارتی کۆماری بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا، رەنگە مەترسیی پەرەسەندنی زیاتری جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کەم بکاتەوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ پێنجشەممە 97 سەنت یان بە رێژەی 1.03% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 93.65 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 1.14 دۆلار، یان بە رێژەی 1.29% دابەزی بۆ 86.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا، هەردوو پێوەرە سەرەکییەکە بە رێژەی زیاتر لە 8% داڕمان و لە نزمترین ئاستی خۆیان لەدوای 31ی ئابەوە داخران.
دوو سەرچاوەی نزیک لە بازنەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی کەنداو رایانگەیاندووە، لاوازبوونی پێگەی ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێسێکی دیموکراتدا کە دەتوانێت بژاردە سەربازییەکانی سنووردار بکات، هاندەرێکی گەورەتر بە سەرۆکی ئەمریکا دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. ئەوان پێیان وایە ئێستا ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران زۆر کەمتر بووەتەوە.
جوون گۆ، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕی نەوت لە دامەزراوەی (Sparta Commodities) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی ترەمپ لە جەنگی ئێران دا دەکەن، ئەگەری زیاتر بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ دادەنێن. سەرەڕای ئەوەش، لە قۆناخی داهاتوودا ناجێگیریی زیاتر چاوەڕوان دەکرێت، چونکە رێگەی گەیشتن بە دیپلۆماسیی تەواوەتی هێشتا پڕە لە نادیاری، لە کاتێکدا یەدەگە ستراتیژییە جیهانییەکانیش زۆر کەمبوونەتەوە."
بەپێی شیکارییەکان، هەناردەی نەوتی خاو لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بۆ نزیکەی ئاستی پێش هەڵگیرسانی جەنگ گەڕاوەتەوە، هەرچەندە بە تێچوویەکی بەرزتر دەگوازرێتەوە. بانکی جەی پی مۆرگان لە یاداشتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دەستپێکردنەوەی خستنەڕووی نەوتی کەنداو، بازاڕی نەوتی دوای چەندین مانگ لە قەیران گێڕاوەتەوە بۆ دۆخی خستنەڕووی زۆر یان ئۆڤەر سەپڵای. بانکەکە ئەوە دەخەمڵێنێت، بازاڕ لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتبووە 1.1 ملیۆن بەرمیل خستنەڕووی زیاتر لە خواستی رۆژانە و لە مانگی تشرینی یەکەمیشدا بۆ 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت زیادی کردووە.
سەرەڕای ئەوەش، رەنگە ئەم دابەزینە خێرایەی نرخی نەوت کاتی بێت. موکێش ساهدێڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای راوێژکاریی وزەی (XAnalysts) لە وەڵامی ئەوەی ئایا نرخەکان بە نزمی دەمێننەوە گوتی، "وەڵامە کورتەکە ئەوەیە: نەخێر." ناوبراو روونیکردەوە کە کۆنگرێسی نوێ تاوەکو مانگی کانوونی دووەم دەستبەکار نابێت، کەواتە بژاردەکانی سیاسەتی ئەمریکا دەستبەجێ ناگۆڕێن؛ هاوکات کۆگاکانی نەوت لە وڵاتانی بەکاربەر لەنزیک نزمترین ئاستی 15 ساڵی رابردوودان و رەنگە تاران بە هەڵوێستێکی بەهێزترەوە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەربکەوێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) بڵاویکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا کۆگاکانی نەوتی خاو، بەنزین و سووتەمەنییە پاڵێوراوەکانی ئەو وڵاتە سەرجەمیان دابەزینیان تۆمار کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی خواست لەسەر نەوت لە ئەمریکا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی ساڵێکدا.




