رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 پەسند ناکرێت و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پەسند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات. بەڵام پەرلەمان سەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە پشووی یاسادانانەوە، ئەو ماوەیەش زۆر کەمە بۆ گفتوگۆکردن و پەسندکردنی پڕۆژەکە."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجە پێویستی بە خوێندنەوەی یەکەم، دووەم و دواتر دەنگدانە، هاوکات ناکۆکیی زۆریشی لەسەر دەبێت و کاتی زیاتری دەوێت؛ بۆیە بە دڵنیاییەوە پەسندکردنی دەکەوێتە ساڵی داهاتوو."
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی 30 رۆژ، واتە لە 1ـی تشرینی دووەم تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی 2026.
شێروان دووبەردانی لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، پەرلەمان ناتوانێت جارێکی دیکە وەرزی یاسادانان درێژ بکاتەوە و پێویستە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا بچێتە پشووی زستانە.
پێشتر لە کاتی بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان، هەریەک لە چیمەن حوسێن سوورچی و سروە محەممەد، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندبوو، ئامانجی سەرەکی لە درێژکردنەوەی وەرزەکە، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پڕۆژەکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە.
بەگوێرەی مادەی 22 بڕگەی یەکەم، لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە کە هەشت مانگ دەخایەنێت و هەر وەرزێک چوار مانگە؛ وەرزی یەکەم لە 1ـی ئادار تاوەکو 30ـی حوزەیران دەبێت و وەرزی دووەم لە 1ـی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم. هەروەها بەگوێرەی بڕگەی دووەمی هەمان مادە، هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجە پەسند نەکرێت، هاوکات لە بڕگەی سێیەم هەمان مادە-ش هاتووە، دەبێت مانگانە پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر نەکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارە سەرەتاییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 بەم شێوەن:
خەرجیی گشتی: 217.239 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
خەرجیی وەبەرهێنان : 47.897 تریلیۆن دینار
خەرجیی بەکارخستن: 169.342 تریلیۆن دینار
شایستەی فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی : 68.125 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.951 تریلیۆن دینار)
چاودێریی کۆمەڵایەتی : 33.032 تریلیۆن دینار (بە زیادبوونی 8.329 تریلیۆن دینار)
مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی : 101.157 تریلیۆن دینار
داهاتی گشتی: 174.234 تریلیۆن دینار
بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە:
داهاتی نەوتی : 144.720 تریلیۆن دینار
هەناردەی نەوتی خاو : 127.020 تریلیۆن دینار (بەپێی هەژمارکردنی هەناردەی 4 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بە نرخی 58 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی 1500 دینار)
بڕگەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان: بۆ یەکەمجار بە بڕی 17 تریلیۆن دینار زیادکراوە (بەپێی نرخی 40 دۆلار و بڕی 776 هەزار بەرمیل رۆژانە هەژمارکراوە)
داهاتی کانزاکانی دیکە = 700 ملیار دینار
داهاتی نانەوتی: 29.514 تریلیۆن دینار
کورتهێنانی پێشبینیکراو : 43 تریلیۆن دینار
پشکی هەرێمی کوردستان: 13 تریلیۆن دینار و 308 ملیار دینار.
بەهای 100 دۆلار: 150 هەزار دینار.



