رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دینار دابەزی و لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار 169 هەزار دیناری تێپەڕاند.
دوای زیاتر لە 10 رۆژ جێگیربوونی بەهاکەی لەنێوان 167 بۆ 168 هەزار دینار، ئەمڕۆ لە هەولێر 100 دۆلار گەیشتە 169 هەزار و 50 دینار. هەروەها ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بەرامبەر 169 هەزار و 100 دینارە.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە بازاڕدا دۆلار کەمە و خواستی زۆریشی بۆ دروستبووە، ئەمەش هۆکاری پاشەکشەی بەهای دینارە".
لە 07-10-2026، بانکی ناوەندیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی نوێی دۆلاریان بە دینار دیاریکرد، کە رۆژێک پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان.
پێش بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، 100 دۆلار بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار و لە بازاڕەکاندا لەنێوان 150 بۆ 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.



