رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی راکێشانی "بۆرییەکی ستراتیژیی نیشتمانی" بۆ گواستنەوەی گازی شل تاوتوێ دەکات. بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێ، پڕۆژەکە بۆ ئاسانکاری لە دابینکردنی پێویستیی نێوخۆیی و هەناردەکردنی بڕی زیادەیە لە داهاتوودا.
د. عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، ئەمڕۆ چوارشەممە (11ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دروستکردنی بۆریی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ گواستنەوەی گازی شل لە باشووری عێراقەوە بۆ باکوور، گرنگییەکی زۆری هەیە، بە جۆرێک دەبێتە هۆی بەهێزکردنی رەوتی گواستنەوە و دابینکردن، پڕکردنەوەی پێویستیی بەکاربردنی نێوخۆیی و ئامادەکاریی بۆ هەناردەکردنی ئەو بڕە گازەی کە زیاد دەمێنێتەوە."
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی گاز و بەرزکردنەوەی کارایی سیستمی گواستنەوە و دابەشکردن، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو زیادبوونەی چاوەڕوان دەکرێت لە بەرهەمهێنانی گازی شل بێتە ئاراوە، هەروەها پشتگیری لە پلانەکانی وەزارەت دەکات بۆ سوودوەرگرتن لە توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن."
هەر لەوبارەوە، دوێنێ سێشەممە ( 10ی تشرینی دووەمی 2026)، عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی لەخۆگرتبوو؛ کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو پڕۆژەیە، لەگەڵ تاوتوێکردنی پێداویستییە تەکنیکی، ئابووری و جێبەجێکارییەکانی.


