رووداو-تەندروستی
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC)، گۆڕانکاریی لە راسپاردەکانی بۆ پێدانی ڤاکسینی هەوکردنی جگەری جۆری بی (Hepatitis B) بە منداڵانی تازە لەدایکبوو راگەیاند و چیتر پێدانی ژەمی یەکەم لەکاتی لەدایکبووندا بۆ هەموو منداڵێک بە پێویست نازانرێت.
بەگوێرەی راسپاردە نوێیەکان، ئەو منداڵانەی لە دایکێکی تەندروستەوە لەدایک دەبن کە پشکنینی ڤایرۆسەکەی نێگەتیڤە، دەتوانن یەکەم ژەمی ڤاکسینەکەیان لە تەمەنی 2 مانگیدا بۆ دوابخرێت، بەڵام ئەو منداڵانەی کە دایکیان هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان باری تەندروستیی دایکیان نادیارە، رێکارەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و پێویستە یەکەم ژەمی ڤاکسینەکە هەر لەکاتی لەدایکبووندا وەربگرن.
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا جەختی کردەوە کە دایک و باوکان هێشتا دەتوانن بە راوێژ لەگەڵ پزیشکەکانیان بڕیار بدەن کە کەی و چۆن دەست بە وەرگرتنی زنجیرە ڤاکسینەکە بۆ منداڵەکانیان بکەن.
ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە کە پێشتر چەندین رێکخراوی پزیشکی، وەک کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ توێژینەوەی نەخۆشییەکانی جگەر (AASLD)، داوایان کردبوو کە پێدانی ڤاکسینەکە لەکاتی لەدایکبوون بۆ هەموو منداڵان وەک خۆی بمێنێتەوە.



