رووداو٠تەندروستی
پڕۆفیسۆرێکی کورد چارەسەرێکی نوێ بۆ دابەزاندنی یەکجاریی چەوری خوێن ئاشکرا دەکات.
د. هەندرێن سۆران، پڕۆفیسۆر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان لە بەریتانیا، ئەنجامی توێژینەوەیەکی لەسەر چارەسەرێکی بۆماوەیی نوێ بەناوی (VERVE-102) راگەیاند، کە لەڕێگەی تەنها یەک دەرزییەوە ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ (LDL) لە خوێندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنێت.
ئەم چارەسەرە نوێیە پشت بە تەکنەلۆژیای "دەستکاریکردنی بنچینەیی" دەبەستێت و تێیدا جینێکی تایبەت لە جگەردا بە ناوی (PCSK9) ناچالاک دەکرێت؛ ئەمەش هەمان ئەو پارێزگارییە دروست دەکات کە هەندێک کەس بە شێوەیەکی سروشتی لە جەستەیاندا هەیانە و لە نەخۆشییەکانی دڵ دەیانپارێزێت.
توێژینەوەکە لەسەر 35 کەسی پێگەیشتوو کراوە کە کێشەی بۆماوەیی بەرزیی کۆلیسترۆڵ یان نەخۆشیی خوێنبەرەکانی دڵیان هەبووە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەپێی بڕی بەکارهاتووی دەرمانەکە، ئاستی پرۆتینی (PCSK9) تاوەکو 88% و ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ (LDL) تاوەکو 62% کەمبووەتەوە.
پڕۆفیسۆر هەندرێن سۆران ئاماژەی بەوە کرد، کاریگەریی ئەم چارەسەرە لە بەشێک لە بەشداربوواندا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بووە، ئەمەش هیوای ئەوە دروست دەکات ببێتە چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ تووشبووانی بەرزیی کۆلیسترۆڵ، لەبری بەکارهێنانی حەبی رۆژانە یان دەرزیی بەردەوام.
ئەمە یەکەم توێژینەوەیە لەسەر ئاستی جیهان کە لەسەر دەستکاریکردنی جینی مرۆڤ بۆ چارەسەری چەوری خوێن بکرێت؛ لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی لەسەر مرۆڤ بە سەرکەوتوویی بڕیوە و بڕیارە لە سەری ساڵی داهاتوودا دەست بە قۆناغی دووەم بکرێت. د. هەندرێن سۆران یەکێکە لە پزیشکە دیارەکانی بەریتانیا و خاوەنی زیاتر لە 240 توێژینەوەی زانستییە.


