رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی ئەم دواییانە لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، لەکۆی پێنج نەوجەوان و گەنج یەکێکیان چاتبۆتەکانی ژیریی دەستکرد بۆ راوێژی کێشە دەروونییەکانیان بەکاردەهێنێت، پسپۆڕێکیش بە دایک و باوکان دەڵێ، ''تکایە با منداڵەکانتان راوێژ لە ئامێرەکان وەرنەگرن، بەڵکو خۆتان بە کێشەکانیان بزانن''.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری JAMA بڵاو کراوەتەوە و بە هاوبەشی چەند زانکۆیەکی ئەمریکی کراوە و ریان مەکبین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: زۆرترین بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ بابەتە دەروونییەکان لەلایەن نەوجەوانانی 12 تاوەکو 21 ساڵییەوە کراوە.
ئەو سەرپەرشتیارە دەشڵێت، مەترسییەکە لەوەدایە کەو ئەو نەوجەوانانە بە هیچ کەسێکیشیان نەگوتووە کە راوێژیان بە ژیریی دەستکرد کردووە و راستەوخۆ رێنوێنییەکەیان جێبەجێ کردووە. تەنانەت بەشێکیشیان مانگانە دووجار ئەمەیان دووبارە کردووەتەوە.
لەو توێژینەوەیە ئەوەش ئاشکرا کراوە، نەوجەوانان لەبارەی {خەمۆکی، تووڕەیی، دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی (سترێس)}ـەوە پرسیاریان لە ژیری دەستکرد کردووە، بەراورد بە پارساڵیش رێژەی بەکارهێنەران گەنج لە 13٪ـەوە بووە بە 19٪.
توێژەران مەزەندەی دەکەن، ئەمە نزیکەی 8.2 ملیۆن گەنج لە سەرتاسەری وڵاتدا دەگرێتەوە کە دەکاتە یەک گەنج لەکۆی پێنج گەنجدا.


