رووداو-تەندروستی
خۆراکناسێک سوودە تەندروستییەکانی قۆخ دەخاتەڕوو و رێنمایی دەدات کە بە توێکڵەوە بخورێت، هاوکات هۆشداری دەداتە چەند گروپێک لە خواردنی و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوکەکەی ژەهراوییە.
ئێلا ئیحسان خۆراکناس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"قۆخ مادە دژە ئۆکسێنەرەکانی تێدایە کە پارێزگاری لە خانەکانی جەستە دەکەن و باشترە بە توێکڵەوە بخورێت، چونکە زۆربەی ریشاڵ و دژە ئۆکسێنەرەکان لە توێکڵەکەیدا کۆبوونەتەوە."
ئەو خۆراکناسە گوتی، نزیکەی 85% بۆ 90%ی قۆخ لە ئاو پێکدێت، بۆیە یارمەتی شێدارکردنەوەی جەستە دەدات، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا.
ئێلا ئیحسان رێنمایی دەدات کە رۆژانە 1 بۆ 2 قۆخی مامناوەند بخورێت و دەڵێت، "ناوکەکەی نابێت بخورێت، چونکە ماددەی سایانایدی تێدایە کە لە جەستەدا دەگۆڕێت بۆ ماددەی ژەهراوی".
هەروەها ئێلا ئیحسان هۆشداری دەدات بەو کەسانەی هەستەوەرییان هەیە، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی خورانی دەم و گەروو. دەشڵێت، "ئەوانەی نەخۆشیی کۆڵۆنیان هەیە یان کێشەی گەدەیان هەیە، لەوانەیە تووشی هەڵئاوسان و ئازاری سک ببن".
بە گوتەی ئێلا ئیحسان، تووشبووانی شەکرە دەتوانن قۆخ بخۆن، بەڵام بە بڕێکی گونجاو و باشترە لەگەڵ سەرچاوەیەکی پرۆتین یان چەوریی تەندروست بێت.
ئێلا ئیحسان ئاماژەی بەوەشکرد، باشترین کات بۆ خواردنی قۆخ لەنێوان ژەمەکان یان پێش وەرزشکردنە.

