رووداو-تەندروستی
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پێست لە کوردستان رایدەگەیەنێت؛ بەکارهێنانی ئەو بۆتۆکس و فیلەرەرانەی رێگەپێدانی کواڵیتی کۆنترۆڵی جۆرییان نییە و ستیکەریان پێوە نییە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە چونکە دەبنە هۆی سڕبوونی دەموچاو و تەنگەنەفەسی.
د. محەممەد یوسف سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پێستی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، " دەبێت هەموو جۆرەکانی بۆتۆکس و فیلەر ستیکەری کۆنترۆڵی جۆرییان پێوەبێت."
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی رێگەپێدانی کواڵیتی کۆنترۆڵی جۆرییان نییە و ستیکەریان پێوە نییە بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، هەروەها پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی پزیشکی بە بەکارهێنانی فیلەر و بۆتۆکس، پێویستە مۆڵەتی زارەکی یان نووسراو لە چارەخواز وەربگیرێت و ئاگادار بکرێتەوە لە ئەگەری روودانی لێکەوتە نەخوازراوەکان.
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی پێستی کوردستان هۆشداریی دا لەبارەی ئەو جۆرە بۆتۆکس و فیلەرانەی کە بە رێگەی ئۆنڵاین و لە وڵاتانی دراوسێوە دەهێندرێن و نرخەکەیان هەرزانە و گوتی، "کەس نازانێت چییان تێدایە، بۆیە کێشەی گەورە لە داهاتوودا دروستدەکەن، هەندێکیان دەبنە هۆی سڕبوونی دەموچاو و تەنگەنەفەسی."
د. محەممەد یوسف جەختیشی کردەوە، "هەر شوێنێک گومانمان لێی هەبێت کە بە نایاسایی بۆتۆکس و فیلەر بەکاربهێنێت، لیژنەکان ئاگادار دەکەینەوە و رێکاری یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر."

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)