رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا (HHS) لە نوێترین رێنمایی خۆیدا بۆ سالی 2026، بژاردەیەکی نوێی بۆ خانمان راگەیاند کە دەتوانن لە ماڵەوە پشکنین بۆ ڤایرۆسی HPV بکەن، کە بەرپرسە لە 95٪ی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، بریارەکەش وەک هەوڵێکە بۆ زیادکردنی رێژەی پشکنینی پێشوەختە و رزگارکردنی ژیانی ئەو خانمانەی بەهۆی "شەرم یان نارەحەتی" سەردانی پزیشک ناکەن.
دکتۆر تین لی، پسپۆری خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتیی ماسەچووسێتس، دەڵێت: "پێدانی ئەم دەرفەتە بە خانمان کە لە ماڵەوە پشکنینەکە بکەن، رێژەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە زیاد دەکات، چونکە پشکنینەکە لە ژینگەیەکی تایبەت و ئارامدا ئەنجام دەدرێت".
پرۆسەی پشکنینەکە زۆر سادەیە و لە رێگەی ئامێرێکی بچووک (Swab) هاوشێوەی قەڵەم ئەنجام دەدرێت، خانمەکە خۆی نموونەکە وەردەگرێت و دەینێرێت بۆ تاقیگە، ئەنجامەکەش لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگەرێتەوە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەنیا لە سالی 2026دا، زیاتر لە 13 هەزار حاڵەتی نوێی ئەم شێرپەنجەیە لە ئەمریکا تۆمار دەکرێن و چوار هەزار خانمیش بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە وردیی ئەم پشکنینە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو پشکنینەی کە پزیشک لە نەخۆشخانە ئەنجامی دەدات، چونکە ڤایرۆسەکە بە ئاسانی لە خانەکاندا دەدۆزرێتەوە.
ئەم پشکنینە بۆ ئەو خانمانەیە کە تەمەنیان لە سەروو 30 ساڵە و پێشینەی نەخۆشیی توندیان نییە. پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەنجامەکە نێگەتیڤ بوو، خانمەکە تاوەکو سێ ساڵ پێویستی بە دووبارەکردنەوەی پشکنین نابێت.
بەڵام جەخت دەکەنەوە کە پشکنینی ماڵەوە جێگەی پشکنینە گشتییەکانی ناو کلینیک ناگرێتەوە و پێویستە خانمان بۆ دڵنیابوون لە تەندروستییان، بەردەوام بن لە سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆر.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
