رووداو - تەندروستی
خۆراکناسێک ئاشکرای دەکات، سوودەکانی میوە بەپێی شێوەی ئامادەکردنی دەگۆڕێت و باسی جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان میوەی وشک و تەڕدا دەکات و دەڵێ، میوە وشکەکان بڕێکی زۆر کالۆرییان تێدایە و بە ئاسانی دەبنە هۆی قەڵەوی.
کاژین یونس، خۆراکناس بە رووداوی راگەیاند، جیاوازیی سەرەکی لەنێوان میوەی سرووشتی و وشککراوەدا ئەوەیە کە پڕۆسەی وشککردنەوە ئاوی نێو میوەکە هەڵدەمژێت.
- لە میوەی سرووشتی نزیکەی 80٪ بۆ 90٪ ئاویان تێدایە، ئەمەش وایان لێدەکات قەبارەیان گەورە بێت و زوو کەسەکە تێر بکەن.
- لە میوەی وشککراودا پڕۆسەی وشککردنەوەکە نزیکەی 70٪ بۆ 80٪ـی ئاوی نێو میوەکە دەردەهێندرێت و زۆرجار رێژەی ئاو دەگاتە کەمتر لە 20٪.
کاژین یونس کاباسی ئەوەش دەکات کە ئاوی نێو میوە وشککراوەکە نەماوە، شەکر و کالۆرییەکەی بە شێوەیەکی چڕ دەمێنێتەوە، بۆیە کالۆریی نێو میوەکە چوار بۆ پێنج هێندە بەرز دەبێتەوە.
هۆکاری ئەوەی کە میوە وشککراوەکان ئەگەری قەڵەوبوون زیاد دەکەن ئەمانەن؛
- چڕیی کالۆری: لەبەر ئەوەی قەبارەیان بچووکە مرۆڤ بە ئاسانی بڕێکی زۆر لە میوەی وشککراو دەخوات پێش ئەوەی هەست بە تێربوون بکات.
- کەمکردنەوەی هەستی تێربوون: ئاو و ریشاڵەکان لە میوەی سرووشتیدا دەبنە هۆی ئەوەی زوو تێر بیت، بەڵام لە میوەی وشککراودا، چونکە قەبارەیان بچووکە مێشک درەنگتر هەست بە تێربوون دەکات.
- زیادکردنی شەکر: زۆرجار لە پیشەسازیی میوە وشککراوەکاندا شەکری زیاتر (شەربەت یان شەکر) زیاد دەکرێن بۆ ئەوەی تامەکەی خۆشتر بێت ئەمەش کالۆرییەکەی بەرزتر دەکاتەوە.
ئەمەش بزانە
100 گرام ترێی تەڕ؛ 69 کالۆریی تێدایە، بەڵام 100 گرام مێوژ؛ 300 کالۆریی تێدایە
100 گرام قەیسی تەڕ؛ 48 کالۆریی تێدایە، 100 گرام قەیسی وشککراو 240 کالۆریی تێدایە
100 گرام هەنجیری تەڕ؛ 74 کالۆریی تێدایە، 100 گرام هەنجیری وشککراو 250 کالۆریی تێدایە
100 گرام هەڵووژەی تەڕ؛ 46 کالۆری تێدایە، 100 گرام هەڵووژەی وشککراو 240 کالۆری تێدایە
لە کۆتاییشدا هۆشداری دەدات کە ''میوەی وشککراو بۆ کەسی ئاسایی بەگشتی بەسوودە و سەرچاوەیەکی باشی وزە، ریشاڵ، ڤیتامین و کانزاکانە، زیانی نییە ئەگەر سرووشتی بێت و بە بڕێکی مامناوەند بخورێت. ئەگەر شەکر یان مادەی کیمیایی بۆ زیاد کرابێت، ئەوا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کێش و کێشەی دیکەی تەندروستی''.



