رووداو - تەندروستی
گەورەترین قەڵای پزیشکیی ژێرزەوی لە جیهاندا کە نەخۆشخانەی "سامی عۆفەر"ە لە ئیسرائیل دەکەوێتە گەڕ. و ئیسرائیل هەوڵ دەدات نەخۆشخانەکانی بباتە ژێرزەوی و ئامادەکاری بۆ هێرشەکانی ئێران دەکات.
لە ترسی دەستپێکردنی هێرشی مووشەکیی ئێران، تیمە پزیشکییەکانی ئیسرائیل گواستنەوەی نەخۆش و ئامێرە پزیشکییەکانیان بۆ ناوەندە پارێزراوەکانی ژێرزەوی دەستپێکرد. ئەم رێکارانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب گەیشتووەتە لوتکە و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکە دروست بووە.
نەخۆشخانەی (FUEH) کە لە ساڵی 2014 دروستکراوە، و گەورەترین نەخۆشخانەی ژێرزەوی لە ئیسرائیل، و دەتوانێت تەنها لە ماوەی 72 کاتژمێردا، گەراجێکی ئۆتۆمبێلی سێ نهۆمی کە جێگەی هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە، بگۆڕێت بۆ نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی 2 هەزار قەرەوێڵەیی.
سیستمێکی وای هەیە کە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین رۆژ بە سەربەخۆیی کار بکات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کارەبا، ئاو، یان ئۆکسجینی دەرەکی هەبێت و ژینگەیەکی تەواو پارێزراو دابین دەکات.
ئەو نەخۆشخانە ژێرزەوییانەی ئێستا نەخۆشەکانیان بۆ دەگوازرێتەوە، تەنها بۆ پاراستن نییە لە مووشەک، بەڵکو سیستەمی فلتەرکردنی هەوای زۆر پێشکەوتوویان تێدایە (CBRN) کە نەخۆش و تیمە پزیشکییەکان لە هێرشی کیمیایی، بایۆلۆژی و ئەتۆمیش دەپارێزێت.



