رووداو - تەندروستی
لە هەولێر هۆشداری دەدرێتە نۆرینەگەکانی یاردەدەری پزیشکی و لیژنەیەک چەند نۆرینگەیەک دەپشکنن و ئاگاداریان دەکەنەوە لەوەی دەرمانی ناپێویست بە نەخۆش نەدەن و مەرجەکانی پێدان و هەڵگرتنی دەرمان جێبەجێ بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-6-2026 هێمن سماقە، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کە نوێنەری سەندیکاکەیە لە لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون بۆ نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی و کارمەندانی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند، هۆشداریمان داوەتە خاوەن نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی لەوەی کە دەرمانی ناپێویست بە نەخۆش نەدەن و خۆیان بەدوور بگرن لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی.
لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان باسی نۆرینگەکان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، ''دەرمانە دژەمیکرۆبییەکان دەبێت تەنیا لە دەرمانخانە فەرمییەکاندا هەبن و لە شوێنی نافەرمی وەکو نۆرینگە لاکۆڵانەکان نەبن و نابێت لەوێوە بدرێت بە نەخۆش''.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە چوار هەزار و 230 نۆرینگەی لاکۆڵان هەن، کە لانیکەم هەر یەکەیان رۆژانە 10 بۆ 15 کەس سەردانیان دەکەن.
پسپۆڕێکی مایکرۆبایۆلۆژی لەبارەی نۆرینگەکانەوە هۆشداریی تووند دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت: ''لەو نۆرینگانە ئەوانەی کە دەرمان دەنووسن، زۆرجار بەبێ پشکنین دژەبەکتریاکان دەدەن بە نەخۆش، بێ ئەوەی بزانن کە چ جۆرە دژەبەکتریایەک بۆ ئەو نەخۆشییە گونجاوە، یاخود لە هەمووی ترسناکتر کە رۆڵێکی زۆری هەیە لە دروستبوونی بەرگری''.
ئەمەی خوارەوە راپۆرتێکی (شکار رێبوار)ـە کردی، لەبارەی مەترسیی نۆرینگە لاکۆڵانەکان لە زیادبوونی بەهێزبوونی دژەبەکتریاکان. هەر لەنێو راپۆرتەکەدا پسپۆڕان باسی هەڵەپێدانی دەرمان لە نۆرینگەکان و نەبوونی چاودێریی پێدانی دژەبەکتریاکان لە هەرێمی کوردستان کرا.


