رووداو- تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە راپۆرتێکی نوێدا رایگەیاند، سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری سەلامەتیی خوێندا، هێشتا کەمیی خوێن و نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن پێی، ژیانی ملیۆنان کەس لە وڵاتانی کەمداهات دەخاتە مەترسییەوە.
رێکخراوەکە پشتی بە ئاماری 168 وڵات بەستووە، دەریدەخات کە زیاتر لە 85%ی خوێنی بەخشراو لە جیهاندا لەلایەن خۆبەخشە بێبەرامبەرەکانەوە دابین دەکرێت، کە بە سەلامەتترین و بەردەوامترین سەرچاوە دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشکەوتنەکان یەکسان نین، زۆرێک لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند هێشتا بەدەست کەمیی خوێن، لاوازیی بەڕێوەبردن و نەبوونی بودجەی پێویستەوە دەناڵێنن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە گەیشتن بە دادپەروەری لەم بوارەدا پێویستی بە پابەندبوونی سیاسیی بەردەوام، سیستمی نیشتمانیی بەهێزتر و هاوکاریی نێودەوڵەتیی بەردەوام هەیە.
دێوسدێدیت موبانگیزی بەڕێوەبەری سیاسەت و ستانداردەکان لە WHO گوتی " دابینکردنی خوێنێکی سەلامەت بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک حاڵەتی پزیشکیی بەرفراوان زۆر گرنگە، لە خوێنبەربوونی توندی کاتی منداڵبوون و نەشتەرگەریی بەپەلەوە بگرە تا چارەسەری شێرپەنجە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی خوێن و کەمخوێنیی توند."



