رووداو-تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن رایدەگەیێنێت، خوێنبەخشین مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە و سوودێکی زۆری بۆ تەندروستیی بەخشەرەکە و وەرگرەکەش هەیە.
د. هەڵگورد خالید پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن لە بانکی خوێنی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی خوێن دەبەخشێت دەبێت تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 65 ساڵدا بێت و کێشی لە 50 کیلۆگرام کەمتر نەبێت. هەروەها، پێویستە پێش بەخشینی خوێن بڕێکی باش شلەمەنی بخواتەوە و کحول نەخواتەوە.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی خوێن، لە هەر 3 چرکەیەکدا کەسێک پێویستی بە خوێنە و بەخشینی یەک کیسی خوێن دەتوانێت ژیانی 3 کەس لە مردن رزگار بکات، یەکێک لە سوودە گرنگەکانی خوێنبەخشین بۆ خودی بەخشەرەکە ئەوەیە کە رێگری لە جەڵتەی دڵ دەکات.
د. هەڵگورد خالید هۆشداری دەدات و دەڵێت، کەڵەشاخ رەنگە هۆکاری نەخۆشییە گوازراوەکان بێت.



