رووداو - تەندروستی
سەرپەرشتیارێکی تاقیگەی پزیشکی هۆشداری دەداتە خەڵک لەبارەی مەبەستەکانی دووبارەکردنەوەی پشکنین، ئامانجیشیەتی هاونیشتمانییان لەکاتی گوێبیستی دووبارەکردنەوەی پشکنین کێشە دروستنەکەن و پابەندبن بە دووبارەکردنەوەکە.
یەحیا حەسەن، بەکالۆریۆس لە مایکرۆبایۆلۆژیی پزیشکی و سەرپەرشتیاری تاقیگەی پزیشکی بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار کاتێک پزیشک یان تاقیگە پێت دەڵێن "پێویستە ئەم پشکنینە دووبارە بکرێتەوە" لەوانەیە تووشی دڵەڕاوکێ بیت یان بپرسیت بۆچی؟ بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئەم بڕیارە تەنیا بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی تۆیە!
دووبارەکردنەوەی پشکنینی پزیشکی چەند هۆکارێکی گرنگی زانستی لە پشتە وەکو؛
1- بەپێی ئەوەی جەستەی مرۆڤ هەمیشە لە گۆڕاندایە. ئاستی هەندێک هۆڕمۆن، شەکر، یان مادەکانی دیکە لە کاژێرێکەوە بۆ کاژێرێکی دیکە یان بەهۆی سترێس و جۆری خۆراکەوە دەگۆڕێن. بۆیە بۆ دڵنیایی زیاتر، پێویست دەکات دووبارە بکرێتەوە.
2- ئەگەر ئەنجامی پشکنینێک زۆر بەرز یان زۆر نزم بێت، تاقیگە یان پزیشک بۆ ئەوەی پێش بڕیاردان و نووسینی دەرمان 100٪ دڵنیابن لەسەر چارەسەر، داوای دووبارەکردنەوە دەکەن.
3- هەندێک پشکنین پێویستیی بە بەدواداچوونە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا جەستە چۆن وەڵامی دەرمانەکان دەداتەوە یان نەخۆشییەکە تا چ رادەگەیەک چارەسەر بووە.
4- بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکان کاتێک گومان لە راستییەکەی هەیە یان بۆ رێگریکردن لە هەڵەی تاقیگەیی.
5- ئەگەر باری تەندروستیی نەخۆش گۆڕابێت یان نیشانەی نوێ دەرکەوتبێت، دووبارەکردنەوەی پشکنین پێویستە.
6- هەندێکجار جیاوازی لە نێوان تاقیگەکاندا هەیە، بۆیە پزیشک پێویستی بە ئەنجامی نوێ دەبێت.
بەگوتەی ئەو سەرپەرشتیارە، هۆکاری دیکەی وردیش هەن بۆ دووبارەکردنەوەی پشكنین، بەڵام گرنگترینیان ئەمانە بوون کە باس کران.
.png&w=3840&q=75)


