رووداو-تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، ئامێرێکی مێشک-کۆمپیوتەریان (BCI) پەرەپێداوە کە راستەوخۆ ئاماژەکانی مێشک دەکاتە قسە و هیوا بە هەزاران کەس دەبەخشێت کە بەهۆی نەخۆشییەوە توانای قسەکردنیان لەدەستداوە.
سیستمەکە بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، ئەو ئاماژانەی مێشک شرۆڤە دەکات کە مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ جووڵاندنی ماسولکەکانی دەم و زمان بۆ قسەکردن بەکاریاندەهێنێت. پاشان ئەو ئاماژانە دەگۆڕدرێن بۆ وشە و لەسەر شاشەیەک دەردەکەون، کە کەسەکە دەتوانێت بیانخوێنێتەوە یان بیانکاتە دەنگ.
کەیسی هارێل، پیاوێکی ئەمریکییە و حەوت ساڵە بەدەست نەخۆشیی پووکانەوەی ماسولکەکانی دەمار (ALS) دەناڵێنێت. نەخۆشییەکە وردە وردە توانای جووڵە و قسەکردنی لێسەندووەتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە، دەتوانێت بە مێشکی قسە بکات و گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، هارێل دەڵێت، "ئەمە ژیانێکی پڕ لە جووڵە و چالاکیترە لەگەڵ هاوڕێ و خێزان و هاوکارانمدا. رێگەم پێدەدات بە شێوەیەکی سرووشتیتر لە هەر تەکنەلۆژیایەکی دیکە پەیوەندی بکەم."
د. نیکۆلاس کارد، لە تاقیگەی دەمارە دەستکردەکانی زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، "ئەم ئامێرە بچووکە، دەچێتە نێو توێژی دەرەوەی مێشک و تەنیا ئاماژەی خانەکانی مێشک لەو ناوچەیەدا تۆماردەکات."
هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە هێشتا لە قۆناخی تاقیکاریدایە و بۆ هەموو کەسێک بەردەست نییە، بەڵام هیوا دەبەخشێتە هەزاران کەسی وەک کەیسی لە سەرانسەری جیهاندا، کە رۆژێک بتوانن جارێکی دیکە "دەنگی" خۆیان ببیستنەوە.


