رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێک لەبارەی (سیاسەتی سفر لێبوردەی)ـی لەنێو نەخۆشخانەکانی وڵاتانی پێشکەوتوودا باس دەکات و دەڵێ، نەخۆشخانەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەورووپا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن بە ناوی Zero Tolerance (سفر لێبوردەیی)، ئەم سیاسەتە ئامانجی پاراستنی ژینگەی کاری پزیشکییە لە سووکایەتی، هەڕەشە، ناوزڕاندن و تۆمەتی بێ بەڵگە، هەروەکو چۆن مافی نەخۆشەکان دەپارێزێت لە وەرگرتنی چاودێریی تەندروستی و مافی ناڕەزایەتیی دەربڕین و سکاڵا تۆمار کردن.
د. گۆران بەرزنجی، راوێژکاری نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاند، سیاسەتی سفر لێبووردەیی بەو مانایە نییە کە نەخۆشخانە لە سەرووی رەخنە یان لێپرسینەوەوەیە، بەڵکو بەو مانایەیە کە راستی دەبێت پشت بە بەڵگە و راستییەکان ببەستێت نەک پشت بە هەست و تۆمەتە بێ بنەما ببەستێت. وەک چۆن دەبێت رێز لە مافی نەخۆشەکان بگیرێت، دەبێت رێز لە مافی کارمەندانی تەندروستیش بگیرێت.
ئەو پسپۆڕە گوتی، کاتێک نەخۆشێک سەردانی بەشی فریاکەوتن دەکات تەنیا چەند خولەکێکی چاوەڕوانی دەبینێت، بەڵام نازانێت لە پشت دەرگەکانەوە بڕیاری خێرا و بەرپرسیارێتیی گەورە و گوشارێکی دەروونیی زۆر لەسەر پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی هەیە بۆ رزگارکردنی ژیان و خزمەتکردنی نەخۆشەکان.
د. گۆران بەرزنجی باسی ئەوەش دەکات کە ''پزیشک، پەرستار و کارمەندی تەندروستی پێش هەموو شتێک مرۆڤن، لە ژێر گوشارێکی دەروونی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەدا کار دەکەن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە. مافی خۆیانە کە کارەکانیان لە ژینگەیەکدا ئەنجام بدەن کە رێز و پێزانینی دوولایەنە تێیدا باڵادەست بێت''.



