رووداو - تەندروستی
ڤایرۆسی ئیبۆلا لە مانگی ئایارەوە بە فەرمی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاو بووەتەوە و تووشبووی لێ تۆمار کراوە، ئەمڕۆ کۆنگۆ و پۆرتوگال لە مۆندیالدا یارییان هەیە، بەڵام چۆن مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لەنێو دەستەی هەڵبژاردە و هاندەرانی کۆنگۆ رێگەی لێگیراوە؟
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا قەدەخەی هەموو گەشتێکی کرد کە لە کۆنگۆ و وڵاتانی دراوسێیەوە دێتە نێو ئەمریکا، بەڵام رێگەیان بە تیم و دەستەی راهێنەر و یاریزانانی کۆنگۆ دا کە بێنە نێو وڵاتەکە و بەشداریی یارییەکانی مۆندیال بکەن(بەو مەرجەی 21 رۆژ کەرەنتین بکرێن).
حکومەتی ئەمریکا و وڵاتی میواندار، هەڵبژاردەی کۆنگۆیان ناچارکرد پێش چوونە نێو خاکی ئەمریکا، بۆ ماوەی 21 رۆژ لە ئەورووپا خۆیان کەرەنتین بکەن، ئەمەش لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو دەستیپێکرد بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئیبۆلا دڵنیا ببنەوە.
پاشانیش سباستیان دێسابر، راهێنەری هەڵبژاردەکە دووپاتیکردەوە کە هەموو ئەندامانی لیستەکە تەندروستن، بە شێوەیەکی دروست خۆیان کەرەنتین کردووە و بۆ یارییکردن بەرامبەر پۆرتوگال ئامادەن. هەرچەندە گوتبووی ''پشتیوانان و هاندەرانمان لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵمان بوون و پاڵپشتییان کردووین، بەڵام ئێستا ناتوانن گەشت بکەن و ئامادەی یارییەکان ببن''.
ناوەندی CDC دڵنیایی تەواو دەدات لە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە و دەڵێ، هیچ مەترسییەک لەسەر یاریزانان و دەستەی راهێنەر و هەڵبژاردەی کۆنگۆ نییە بەتایبەت لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵیاندا.
ئەمشەو 17-6-2026 لە هیوستن هەڵبژاردەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رووبەڕووی پۆرتوگال (بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ) یاری دەکەن.
ئەمەش بزانە
ئەم ساڵ جۆرێکی نوێی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاو بووەوە و تائێستا 837 تووشبووی لێ تۆمار کراوە؛ 196 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ڤایرۆسەکە گوازراوەتەوە بۆ ئۆگەندای دراوسێی کۆنگۆ و لەوێش 19 تووشبوو و 2 گیانلەدەستدان تۆمار کراون.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو



