رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان لەبارەی گۆڕستانەکانی سلێمانی کە تێکەڵ بە ماڵەکان بوون دەڵێت: ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروون هەیە و مرۆڤ دووچاری بیرکردنەوەی ناڕێک و نەرێنی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-6-2026 د. دانیاڵ سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداودا رایگەیاند، ئەو کەسانەی ماڵیان نزیکە لە گۆڕستانەکان و تێکەڵ بوون، باشترە لەکاتی سەردانکردنی کەسوکاری مردووەکان، لە گۆڕستانەکان دوور بکەونەوە، چونکە دەشێت هەستێکی ناخۆش بە کەسی مردوو بدات کە ببینن خەڵکی دیکە بە پێکەنین یاخود بە دڵخۆشی لەوێدا هاتووچۆ دەکەن و ئەمانیش کۆستیان کەوتووە.
د. دانیاڵ سەعدی دەڵێت: منداڵانی گەڕەک تێکەڵ بە گۆڕستانە نزیکەکان ببن، دەکرێت لەڕووی دەروونییەوە دووچاری ناڕێکی ببن کە چەند چیرۆكێکی جۆراوجۆر بۆخۆیان دروستبکەن و لەنێو یەکدیدا باسی بکەن و ترسیان لەلاوە دروستببێت.
گۆڕستانەکان رەنگە ببنە شوێنی دانیشتن و خواردن و خواردنەوە کە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەوەیە نزیکن لەنێو خەڵک و قەرەباڵخی و گەڕەکەکان، ئەمەش هەستێکی ناخۆش بە کەسوکاری مردووان دەبەخشێت.
لە کۆتایشدا گوتی: حکومەت و شارەوانییەکان پەرژینێک بۆ گۆڕستانەکان دروستبکەن کە هەموو کەسێک و لە هەموو کاتێکدا نەتوانن سەردانی بکەن و بچنە ناوی، ئەمەش لەپێناو بەرزنرخاندن و پیرۆزیی ئەو شوێنە، چونکە رەنگە منداڵان و تەنانەت گەورانیش هاتووچۆی تێدا بکەن و ترس (فۆبیا) لە مردنیان لەلا دروستببێت کە درێژخایەن بێت و تەواوی ژیانیان پێوەی گیرۆدە بن.


