رووداو - تەندروستی
مامۆستایانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەگەڵ دەستەیەک لە کارگێڕیی زانکۆی هەولێری پزیشکی کە سەرۆکی زانکۆکەشیان لەگەڵدا بوو، چوونە ئوردن و لەوێ وەکو هەڵسەنگێنەری دەرەکی لیژنەی هەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی قۆناخی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی ددانی زانکۆی ئوردن بوون.
ئەمڕۆ پێنجشممە 18-6-2026 د. بەسام کەریم، راگری کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بە رووداوی راگەیاند، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندن و کواڵیتیی خوێندنی زانکۆکانی دەرەوەی ئوردن، مامۆستایانی ئێمە هەڵبژێردراون تاوەکو ئەزموونی خۆیان لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی ئوردن بەش بکەن و ببنە هەڵسەنگێنەری تاقیکردنەوەکانیان.
بەگوتەی د. بەسام کەریم، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە زانست و زانیاریی مامۆستایان و پسپۆڕانی کورد هاوتان لەگەڵ پسپۆڕانی وڵاتانی دیکە و بەتایبەتیش ئوردن کە وڵاتێکی پێشەنگی پزیشکی و کەرتی تەندروستییە، چونکە کۆلێژی رۆیاڵ لە زانکۆی لەندەن و زانکۆی هەولێری پزیشکی هەڵبژێرداون کە بەشداربن لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی زانکۆ ئوردنییەکە.
هاوکات بەشی دووەمی چوونی ئەو تیمەی زانکۆی هەولێری پزیشکی بۆ بەشداریکردن بوو لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی ئوردن کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لە رۆژانی 11 و 12ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو. ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە بە هاوبەشی هەردوو زانکۆکە رێکخرابوو.
عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە شانشینی ئوردن ستایشی هەوڵەکانی د. عەلی دەباغ، سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی و د. بەسام کەریم، راگری کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی کرد و دەڵێت، جەخت لە توانا زانستییەکانی عێراق دەکەمەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکان بۆ ئوردن.
هەروەها جەختی لە پەرۆشیی باڵیۆزخانەی عێراق لە عەممان کردەوە بۆ پتەوکردنی ئامادەیییان لە کۆڕە ئەکادیمی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی نێوان عێراق و شانشینی ئوردن.
پاشانیش یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو زانکۆکەک راگەیێندرا بۆ زیاتر بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەش لە نێوانیاندا. لەپێناو گەیشتن بە متمانە نێودەوڵەتییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.


