رووداو - تەندروستی
پڕۆفیسۆر د. حەمدیە میرخان پیرانی، پسپۆڕی پەرستاریی مامانی و یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی مامانی لە پۆرتوگالەوە رایدەگەیێنێت، کەمیی ژمارەی مامانەکان کێشەی سەرەکیی وڵاتانە. ئەو ئەوەش باس دەکات کە لە هەرێمی کوردستان مامانی لەڕووی ئەکادیمییەوە بایەخی زۆری پێدراوە و پێشکەوتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-6-2026 پڕۆفیسۆر د. حەمدیە پیرانی بە رووداوی راگەیاند، ئەمە 34ـەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی مامانەکانە کە سێ ساڵ جارێکە و مامانەکانی جیهان تێیدا بەشداردەبن، ئەم ساڵ لە لیسبۆنی پۆرتوگال کرا و شەش کورد تێیدا بەشداربن. ئەو گوتی: ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە مامانەکان هۆشیار و رۆشنبیر بکات لەبارەی سیاسەتی سیستمی تەندروستی و رۆڵیان لەنێو کەرتی تەندروستیی وڵاتاندا.
پاشانیش گوتی کە روونکردنەوەی رۆڵی پەرستاریی مامانی لە رێگەگرتن لە مردنی خانمان لەکاتی منداڵبوون مژارێکی سەرەکی بوو.
''کەمیی ژمارەی مامانەکان لە هەموو وڵاتاندا کێشەیە''
د. حەمدیە باسی ئەو کێشانە دەکات کە مامانەکانی جیهان هەیانە و لەنێو کۆنفرانسەکە باس کران؛ ''مامانەکانی جیهان کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کە پزیشکانی خانمان و منداڵبوون رێگەنادەن مامانەکان رۆڵیان هەبێت و کاری خۆیان بکەن، پاشانیش کەمیی ژمارەی مامانەکان لە هەموو وڵاتان کێشەیەکی دیکەیە''.
''لە هەرێمی کوردستان مامانەکان رۆڵی خۆیان پێنەدراوە''
خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان لەڕووی مامانییەوە پێشەنگە بەوەی کە زانکۆی هەولێری پزیشکی پڕۆگرامی بەکالۆریۆسی بۆ ئەو زانستە هەیە و ئەم ساڵیش لەو زانکۆیە خولێکی ماستەر بۆ مامانی دەرچووە.
هەرچەندە ئەو خانمە پڕۆفیسۆرە ئاشکرای کرد، هێشتا لە هەرێمی کوردستان لەڕووی دەرفەتی کار و رۆڵی کارکردن بۆ مامانەکان بایەخی پێنەدراوە، بۆیە دەرفەتی گونجاویان پێنەدراوە لە پسپۆڕییەکەی خۆیاندا رەنگدانەوەیان هەبێت.
بەگوتەی د. حەمدیە، جیهان بۆ کەمبوونەوەی شیردانی سرووشتی جەخت دەکات لەسەر رۆشنبیریی خانمان لەسەر پڕۆسەکە و سیاسەتی تەندروستی بەجۆرێک بێت کە هەر خانمێک منداڵی بوو، دەبێت لەژێر سەرپەرشتیی مامانێکدا بێت کە هانی بدات بۆ شیردانی سرووشتی و چۆنیەتیی شیردانەکەش بزانێت.
لە کۆتاییدا باسی ئەوەشی کرد کە ''پێویستە لە هەرێمی كوردستان یاسا و رێنمایی پێویست بۆ فراوانكردنی سنووری دەسەڵات و كاری مامانەكان دەربچێت تاوەکو خانمان و ماڵباتەکانیان زیاتر لە رووی تەندروستییەوە رۆشنبیر ببن و لە خزمەتگوزاریی تەندروستی زیاتر سوود ببینن.
د. حەمدیە و یەکێکی دیکە لە بەشداربووە پەرستارە کوردەکان بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی ئاهەنگی کۆتایی کۆنگرە جیهانییە نێودەوڵەتییەکە دەکەن



