رووداو- تەندروستی
پزیشکان لە سعودیە، دووانەیەکی بەیەکەوەلکاوی تەمەن دوو ساڵیان لە نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆزدا لە یەکدی جیا کردەوە.
نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی شا عەبدوڵڵای منداڵان، بۆ ئۆلیڤیا و جیانای فیلیپینی ئەنجامدرا کە 22 کارمەندی پزیشکیی پسپۆڕ بەشدارییان تێدا کرد، دووانەکە لە سنگ و سکیانەوە پێکەوە لکابوون، کە حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە.
د. عەلی ئەلشەهری، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە راگەیاند: "جیانا و ئۆلیڤیا لە سنگ و سکیانەوە پێکەوە لکابوون، پەردەی دڵ و جگەریان هاوبەش بوو، نەشتەرگەرییەکە بەبێ کێشە بەڕێوەچوو و ئێستا گواستراونەتەوە بۆ بەشی چاودێریی چڕ."
د. عەلی ئەلشەهری، روونیکردەوە: "دووانەکە لە دۆخێکی جێگیردان و چاودێریی وردی دوای نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، لە حاڵەتی لەم جۆرە زۆربەی کات لە ماوەی 3 بۆ 5 رۆژدا چاکدەبنەوە و دواتر چاودێریی چڕ جێدەهێڵن."
نەشتەرگەرییەکە لەلایەن "بەرنامەی سعودی بۆ دووانە بەیەکەوەلکاوەکان (SCTP)"ـەوە ئەنجامدراوە و بەپێی ئاژانسی هەواڵی فیلیپین، حکومەتی سعودیە هەموو تێچووی نەشتەرگەرییەکە و چاودێریی دوای نەشتەرگەرییەکەی لەئەستۆ گرتووە.



