رووداو- تەندروستی
نەخۆشخانەی (UVA Health) لە ئەمریکا بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکیی نوێدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی درێژخایەنی بەکتریایی سییەکان، کە بە مایۆباکتێریۆم ئەڤیۆم کۆمپلێکس (Mycobacterium avium complex) ناسراوە و کورتکراوەکەی (MAC)ـە.
تاقیکردنەوەکە بە ناوی (BOOST)ـە و تێیدا کاریگەریی ڤاکسینێکی دێرین تاقیدەکرێتەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە، کە ساڵانە تووشبووانی لە زیادبووندایە و چارەسەرە ئێستاییەکان کاریگەرییان سنووردارە.
دکتۆر ئێریک هاوپ، سەرۆکی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە (UVA Health) دەڵێت: "ئێمە تاکە شوێنین کە ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام دەدەین، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین بەکارهێنانی ڤاکسینێکی پێشتر پەسندکراو کە پێی دەگوترێت ڤاکسینی (BCG)، سوودی زیادەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی سییەکانی (MAC) یان نا."
بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ڤاکسینەکە، بەشێک لە بەشداربووان ڤاکسینی (BCG) وەردەگرن و بەشەکەی دیکەیان چارەسەری پلسیبۆ وەردەگرن.
نەخۆشیی (MAC) بەهۆی جۆرە بەکتریایەکەوە دروست دەبێت کە بە شێوەیەکی سرووشتی لە خاک، خۆڵ و ئاودا هەیە، بەڵام زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە، بەساڵاچوون یان نەخۆشیی دیکەی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە.



