رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی تووشبووان بە بەرزیی پەستانی خوێن بێئاگەن لەوەی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە جەستەیان داگیرکردووە و هیچ چارەسەرێک وەرناگرن.
دکتۆر وەنیو لیو، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لەسەر ئاماری پەستانی خوێن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەریخستووە، توێژینەوەکە شیکاری ئاماری پەستانی خوێنی نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسی بەکارهێناوە لە ئینگلتەرا و دەرکەوتووە، نزیکەی 59٪ی تووشبووانی بەرزە پەستانی خوێن ئاگاداری دۆخی تەندروستیی خۆیان نەبوون و هیچ دەرمانێکیان بەکارنەدەهێنا.
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، رێژەی تووشبوون لە پیاواندا 42٪ و لە خانماندا 29٪ بووە. هەروەها دەرکەوتووە کە رێژەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا زیاد دەکات، لە 15٪ بۆ تەمەنی 18 بۆ 39 ساڵ دەست پێدەکات و لە تەمەنی سەروو 80 ساڵ دەگاتە 71٪. جگە لەوەش، نیوەی ئەو کەسانەی دەرمانیان بەکاردەهێنا، هێشتا پەستانی خوێنیان لە ئاستێکی سەلامەتدا نەبوو.
بەپێی WHO، ئەمانەی خوارەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن جێبەجێبکرێن؛
- کەمکردنەوەی خوێ
- نەخواردنی خۆراکە ئامادەکراو و خێراکان
- دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە، ڤەیپ و کحول
- زۆرخواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و چالاکیی جەستەیی
- کێشڕێکی
پسپۆڕانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رێنوێنی دەدەن: هاووڵاتییان پێویستە بەردەوام پەستانی خوێنیان بپشکنن، چونکە پشت بەستن بە نیشانەکان بە تەنیا کارێکی هەڵەیە.



