رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەکی بواری خۆراک، خواردنی ماست کاریگەری لەسەر مانەوەی بەکتریا سوودبەخشەکان هەیە.
مایۆکلینیک دەریخستووە، ماست سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە بەکتریای سوودبەخش کە هاوسەنگیی بەکتریاکانی نێو ریخۆڵە دەپارێزێت و کۆئەندامی هەرس بەهێز دەکات و رێگری لە کێشەکانی وەکو ئاوسانی سک دەکات.
بەگوێرەی پسپۆڕانی خۆراک و پزیشکانی مایۆکلینیک، خواردنی پڕۆبایۆتیک یان ماست لەگەڵ ژەمەکان یان راستەوخۆ دوای نانخواردن، مانەوەی بەکتریاکان لە گەدە و ریخۆڵە زیاتر دەکات، باشترە ماست لەگەڵ ژەمەکاندا بخورێت نەک لەسەر گەدەی بەتاڵ.
کلیڤلاندی پزیشکی رێنوێنی دەدات، خواردنی زۆری شەکری دەستکرد و خۆراکە لەقوتووکراوەکان دەبێتە هۆی گەشەکردنی بەکتریا زیانبەخشەکان و تێکدانی هاوسەنگیی ریخۆڵە. بە پێچەوانەوە، خواردنی بڕێکی زۆری سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، بەکتریا سوودبەخشەکانی کۆئەندامی هەرس زیاد دەکات و بەرگریی لەش بەهێز دەکات.



