رووداو - تەندروستی
توێژینەوەییەکی زانکۆی کامبریج دەریخستووە، خواردنی رۆژانەی مشتێک چەرەس، رەنگە مەترسیی تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن کەمبکاتەوە، ئەمەش سوودێکی نوێیە کە دەخرێتە سەر سوودە ناسراوەکانی بۆ تەندروستیی دڵ.
توێژینەوەکەی زانکۆی کامبریج کە لە گۆڤاری (British Journal of Nutrition) بڵاوکراوەتەوە، شیکاری بۆ داتای 8 توێژینەوەی جیاواز کردووە کە زیاتر لە 143 هەزار کەس تێیدا بەشداربوون.
ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخست، ئەو کەسانەی زۆرترین بڕی چەرەس دەخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزیی پەستانی خوێن بە رێژەی 16% کەمترە، بە بەراورد بەوانەی بڕێکی کەمتر دەخۆن.
توێژەرانی زانکۆی کامبریج بۆیان دەرکەوت، خواردنی نزیکەی 30 گرام چەرەس لە رۆژێکدا، مەترسیی تووشبوون بە رێژەی 26% کەمدەکاتەوە، بەڵام خواردنی زیاتر لە 35 گرام، سوودێکی زیاتری نەبووە.
سوودی چەرەس بۆ پەستانی خوێن دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەم مادە خۆراکییانە:
- ترشی ئێڵ-ئارجینین: مادەیەکە یارمەتیی خاوبوونەوە و فراوانبوونی لوولەکانی خوێن دەدات.
- ریشاڵەکان: یارمەتیی رێکخستنی پەستانی خوێن دەدەن.
- دژەئۆکسیدەکان: هەوکردنی پەیوەست بە بەرزیی پەستانی خوێن کەمدەکەنەوە.
- مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم: پشتگیریی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن دەکەن.



