رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو رایدەگەیێنێت، هاوێنە پێکهاتەیەکی تەنکی هەیە و پێویستە خاوێن رابگیرێت، هەروەها هی هیچ کەسێکی دیکەش بەکارنەیەت و نابێت بە دەستی پیسەوە دەستی لێ بدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-10-2026 لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا د. بارزان میرزا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو رایگەیاند، ئەو خانمانەی هاوێنەی دەستکرد (عەدەسەی دەستکرد) بەکاردەهێنن، نابێت نزیک گەرمی بکەونەوە بەتایبەت قژوشککردنەوە یاخود چێشتلێنان.
د. بارزان میرزا روونی دەکاتەوە، زۆرجار بەهۆی ئەوەی هاوێنەکە (عەدەسەکە) دەتوێتەوە لەنێو چاو تێکەڵ بە گلێنە دەبێت و لێکردنەوەی زۆر زەحمەت دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی کە گەرمی بەرکەوتووە.
د. بارزان میرزا هۆشداری دەدات کە خانمان هاوێنەی دەستکرد بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارنەهێنن، چونکە کێشەی جیدی دروستدەکات و رەنگە لەکۆتاییدا بە لەدەستدانی چاوەکە کۆتایی بێت.


