رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی چیبا لە ژاپۆن، دەریخستووە، گوشاری دەروونی پەیوەندی بە خراپتربوونی نیشانەکانی هەوکردنی جومگەی رۆماتیزمی (RA)یەوە هەیە.
پرۆفیسۆر د.شیگێرو تاناکا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر مشک بۆمان دەرکەوت، گوشاری دەروونی، هەوکردنی لەو جومگانەدا چالاککردەوە کە پێشتر تووشببوون، تەنانەت دوای ئەوەی نەخۆشییەکە چووبووە قۆناخی هێواشبوونەوە.
تاقیکردنەوەکان دەریانخست، گوشاری دەروونی سیستەمی دەماریی سیمپاساتیک و شانەی چەوریی قاوەیی (BAT) چالاک دەکات، کە جۆرێکە لە چەوریی جەستە و بەشدارە لە بەرهەمهێنانی گەرمیدا، ئەم چالاکبوونە وادەکات چەوریی قاوەیی، پرۆتینێکی هەوکردن بە ناوی ئینتەرلوکین-6 (IL-6) دەربدات، ئینتەرلوکین-6 ئەو خانانەی ناو جومگە هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی کیمۆکاینێک (CXCL1) کە نیوترۆفیلەکان (جۆرێک لە خڕۆکەی سپی خوێن) بۆ خۆی رادەکێشێت و کۆبوونەوەیان دەبێتە هۆی چالاکبوونەوەی هەوکردنی جومگەکان.
پرۆفیسۆر د.شیگێرو تاناکا، دەشڵێت، "دۆزینەوەکانمان دەریدەخەن، کاریگەرییەکانی گوشاری دەروونی لەسەر هەوکردنی جومگەکان لە خانە بەرگرییەکان تێدەپەڕێت و گوشاری دەروونی دەتوانێت پرۆسەکانی ناو شانەکانی دیکە چالاک بکات کە بەشدارن لە گەڕانەوەی هەوکردنی جومگەکان".
بە گوتەی توێژەران، ئەم دۆزینەوەیە رونکردنەوەیەکی بایۆلۆژی بۆ ئەوە دەدۆزێتەوە کە چۆن گوشاری دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاوسانی جومگەکان و رێڕەوێکی وەڵامدەرەوە دەستنیشان دەکات کە دەکرێت وەک ئامانجێکی چارەسەریی نوێ کاری لەسەر بکرێت.



