رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران رایگەیاند، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، رەزامەندی لەسەر دابینکردنی دوو ئامێری پزیشکیی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دراوە.
د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی درا بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتووی رەنینی موگناتیسی (MRI) و ئامێری سیتی سکان (CT SCAN) بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە سۆران، کە گوژمەکەیان 4 ملیار دینارە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێرەکانی پێشووی نەخۆشخانەکە بەهۆی کۆنی و زۆریی بەکارهێنانیانەوە، زۆرجار لەکار دەکەوتن و پێویستیان بە چاککردنەوە هەبوو، ئەمەش وایکردبوو هاونیشتمانیان بۆ ئەو پشکنینانە ناچاربن سەردانی کەرتی تایبەت یان شاری هەولێر بکەن.
د. کامەران مەلا محەممەد، دەڵێت "ئامێرە نوێیەکان لە مانگی 12ـی ئەمساڵ دەخرێنە خزمەتی هاونیشتیمانیان و لەمەودوا پشکنینی رەنین و سیتی سکان 24 کاژێر بەردەست دەبن، بۆیە پێویست بە نۆرەگرتن ناکات".
سەبارەت بە پڕۆژەی دیکەی تەندروستی لە سنوورەکە، د. کامەران مەلا محەممەد گوتیشی "بۆ مانگی داهاتوو سەنتەرێکی دڵ دەکەینەوە کە خزمەتگوزارییەکانی قەستەرە، شەبەکە و باڵۆنی تێدا ئەنجام دەدرێت".



