رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، لەوەرزی پاییز و زستاندا، رێژەی هەوکردنی رێڕەوی هەناسە زۆر دەبێت بەهۆی جۆرەها ڤایرۆس، جا هەڵامەت و پەسیوێکی سادە بێت یان ئەنفلەوەنزای تووند بێت! چونکە ئەنفلەوەنزا پەتایەکی تووندترە لە هەڵامەت و جۆری ڤایرۆسەکانیشی جیاوازن.
د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی راگەیاند، ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا ئاستی تووندیی نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، زۆربەی تووشبووان بە سەردانکردنی پزیشک و پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک رێنوێنی و وەرگرتنی چارەسەر بە سەلامەتی چاک دەبنەوە، بەڵام دەکرێ لە هەندێک تووشبوو پەتایەکە زۆر تووند بێت.
بەتایبەت ئەم کەسانە؛
بەساڵاچووان
تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان
ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
تووشبووانی شێرپەنجە
ئەوانەی گورچیلەیان بۆ چێنراوە
ئەو دەڵێت: بۆ ئەوەی کەمتر تووشی ئەنفلەوەنزا ببیت و مەترسییەکەی کەمتر ببێتەوە، گرنگە بایەخ بدرێ بە هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییانی ئازیز بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا لەڕێگەی سەردانیکردنی بنکە تەندروستییە حکومییەکان لە رۆژانی داهاتوو بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
کێ پێویستە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرێت؟
+ کەسانی سەروو 65 ساڵ.
+ ئەوانەی لەنێوان 18 بۆ 64 ساڵن و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
+ خانمانی دووگیان.
+ منداڵانی خوار 5 ساڵ
+ ئەوانەی تەندروستن، بەڵام خزمەت و چاودێریی کەسانی بەساڵاچوو دەکەن.
+ ئەوانەی تەندروستن، بەڵام لەگەڵ کەسێکدان کە بەرگریی جەستەی لاوازە.
+ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو (نەخۆشیی سییەکان، پەککەوتنی دڵ، نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە، شەکرە، کەمیی بەرگریی جەستە و شێرپەنجە).
ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، تاوەکو کۆتایی مانگی 11 هەر گونجاوە، بەڵام بەر لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە وا دروستە راوێژ بە پزیشک بکەیت.
دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە ئەگەری ئەم کاریگەرییە لاوەکییانە هەیە
+ ئازارێکی کەم و سووربوونەوەی شوێنی دەرزییەکە.
+ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
+ بێهێزی و شەکەتییەکی کەم.
.png&w=3840&q=75)


