رووداو - تەندروستی
ناوەندی مایۆکلینیک رایدەگەیێنێت، پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی تەندروست و وەرزشکردنی بەردەوام، رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەتایبەتیش شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و جۆرەکانی شێرپەنجە.
بەگوێرەی مایۆکلینیک، ئەو سیستمانەی خۆراک کە بڕێکی زۆر گۆشتی سوور و گۆشتی زۆر دەستکاریکراوی تێدایە، وەک گۆشتی مانگا، بەرخ، هۆت دۆگ و گۆشتی لەقتوونراو، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاد دەکەن. هەروەها، ئامادەکردنی گۆشت لە پلەی گەرمی زۆر بەرز یان سووتاندنی، دەبێتە هۆی دروستبوونی مادەی کیمیایی زیانبەخش کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەرز دەکەنەوە.
خواردنەوەی کحولیش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی مەترسیی شێرپەنجەی کۆڵۆن و مەمک دادەنرێت، بۆ نموونە ئەو خانمانەی رۆژانە 2 بۆ 5 پەرداخ کحول دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک نزیکەی 1.5 هێندەی ئەو خانمانەیە کە کحول ناخۆنەوە.
پسپۆڕانی مایۆکلینیک جەخت لەسەر خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە میوە، سەوزە، پاقلەمەنییەکان، چەرەس، دانەوێڵە تەواوەکان دەکەنەوە. ئەم خۆراکانە کە پێکهاتەی وەک دژەئۆکسیدەکان و ترشە چەوریی ئۆمێگا-3یان تێدایە و ئەو زیانانە کەمدەکەنەوە کە بەهۆی هەوکردنەوە لە خانەکانی جەستەدا دروست دەبن.
جگە لە سیستمی خۆراکیی تەندروست، چالاکیی جەستەیی بەشێکی سەرەکییە لە رێگریکردن لە شێرپەنجە. توێژینەوەیەک دەریخستووە، هەفتانە یەک کاژێر و 15 خولەک بۆ دوو کاژێر و نیو رۆیشتن، مەترسیی تووشبوونی خانمان بە شێرپەنجەی مەمک بە رێژەی 18% کەمدەکاتەوە.



