رووداو - تەندروستی
دەرمانێکی چاو بەرهەم هاتووە کە جێگرەوەی چاویلکەی خوێندنەوەیە و یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە توانای بینینی شتە نزیکەکانیان کەم بووەتەوە.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا (FDA) مۆڵەتی بە بەکارهێنانی قەترەیەک دا بە ناوی ریزومڤیی (Ryzumvi) کە کێشەی نەبوونی بینینی روون لە نزیکەوە لە کەسانی پێگەیشتوودا چارەسەر دەکات.
بەپێی FDA، قەترەی چاوی ریزومڤیی، کە پێکهاتەی ( 0.75٪ Phentolamine ) تێدایە، لە ساڵی 2023 بۆ چارەسەری گەورەبوونی بیلبیلەی چاو پەسەند کرا. تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە کە ئەم دەرمانە دەتوانێت بیلبیلەی چاو کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش وا دەکات بینینی شتە نزیکەکان، وەک خوێندنەوەی مۆبایل و کتێب، روونتر بێت.
پسپۆڕانی دەزگەکە رێنوێنی دەدەن، بەکارهێنەرانی هاوێنەی چاو پێویستە پێش بەکارهێنانی قەترەکە هاوێنەکەیان (عەدەسە) دەربهێنن و بۆ ماوەی 10 خولەک چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی بیخەنە نێو چاویان. هەروەها، نابێت دەستی پیس بەر سەری شووشەی قەترەکە بکەوێت. ئەو کەسانەی هەوکردنی چاویان هەیە، نابێت ئەم قەترەیە بەکاربهێنن. باوترین کاریگەریی لاوەکی بریتییە لە سووربوونەوە و کزانەوەی کاتیی چاو.



