رووداو - تەندروستی
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە بە هۆکاری سیاسی رێگری دەکرێت لە هێنانی سێ ئامێری پزیشکی لە بەغداوە بۆ نەخۆشخانەکانی کۆیە و رایگەیاند کە بابەتەکە دەباتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا رێگرییان لە هیچ هاوکارییەک نەکردووە و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەن کە هاوکاریان دەکات.
ئاڤێستا مام یەحیا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا داوای دابینکردنی سێ ئامێری تەندروستیم کردبوو بۆ قەزای کۆیە، کە بریتی بوون لە ئامێری سیتی، لێزەری شکاندنی بەردی گورچیلە و ئامێری پشکنینی رێژەی ئۆکسجین لە خوێندا، رەزامەندیی فەرمیی عێراقیشم بۆ وەرگرتن و تەنیا رێکارەکانی گواستنەوەیان مابوو، بەڵام وا دیارە لاینە سیاسییەکان لە عێراقەوە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
ئاڤێستا مام یەحیا دەڵێت، "من بەردەوام دەبم و دەستبەردار نابم، دووبارە نووسراو دەکەمەوە و ئەمجارە بابەتەکە دەگەیەنمە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو ئەو ئامێرانە بۆ شاری کۆیە دابین بکات".
لە بەرامبەردا، هاوکار عەلی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ هەر کەس، رێکخراوێک و لایەنێک ویستبێتی هاوکاریمان بکات هەرگیز رەتمان نەکردووەتەوە، بەڵکو پێشوازیمان لێ کردووە، پێشتریش چەندین رێکخراو و کەسایەتی هاوکاری کەرتی تەندروستیی کۆیەیان کردووە و سوپاس و پێزانینمان بۆ هەبووە.
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە ئاماژە دەدات، ئێمە لە هیچ کاتێکدا کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە کە بیەوێت هاوکاریی کەرتی تەندروستیی قەزاکە بکات، سەبارەت بەو ئامێرانەش تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان پێ نەگەیشتووە و رێگریش لە کەس ناکەین خزمەت پێشکەش بە هاونیشتمانیان بکات.



