رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی هەناو لە دوبەی روونکردنەوە لەبارەی ڤیدیۆیەک دەدات کە پیاوێکی قەڵەو لەکاتی خەودا 42 چرکە هەناسەی دەپچڕێت و دواتر بە تووندی بە ئاگا دێتەوە. ئەم دۆخەش بە وەستانی کاتیی هەناسەدانە لەکاتی خەودا.
د. ئەمانی ئەلغەفری، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەناو لە دوبەیی ئیمارات دەڵێت: ئەوانەی قەڵەوییەکی زۆریان هەیە، دەشێت لەکاتی خەودا تووشی کێشەی وەستانی کاتیی هەناسەدان بن لەکاتی خەودا ئەمەش وادەکات کواڵیتیی خەویان کەم ببێتەوە و زوو زوو هەڵبستن.
د. ئەمانی ئەلغەفری گوتی: لەکاتی نووستندا رێڕەوی سەرەوەی هەناسە دادەخرێت، کە دەبێتە هۆی وەستانی هەناسەدان بۆ ماوەی چەند چرکەیەک و دابەزینی ئۆکسجین، ئەمەش دەبێتە هۆی بەخەبەرهاتنەوەیەکی بەهێز بۆ کردنەوەی رێڕەوەکە.
سەرەڕای کاژێرەکانی نووستنی پێویست، خەوەکە دەبێتە خەوێکی پچڕپچڕ و کواڵیتیی نزم، ئەمەش لە رۆژی دواتردا دەبێتە هۆی سەرئێشە، وشکبوونەوەی دەم، ماندووێتی و لاوازیی سەرنج.
ئەوەشی گوت کە وەستانی کاتیی هەناسەدان لەکاتی خەودا پەیوەستە بە قەڵەوی یاخود بەرزەپەستانی خوێن و کێشەکانی دڵ.


