رووداو - تەندروستی
توێژەرانی پەیمانگەی توێژینەوەی پێشەنگی RIKEN لە ژاپۆن، رێگەیەکی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەدۆزنەوە، کە تێیدا خانە شێرپەنجەییەکان خۆیان دەرمانی لەناوبردنی خۆیان بەرهەم دەهێنن.
د. کاتسونۆری تاناکا، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: شێوازێکی نوێی چارەسەری شێرپەنجەمان پەرەپێداوە کە پشت بە بەرهەمهێنانی دەرمانی دژە شێرپەنجە لەنێو خانە تووشبووەکاندا دەبەستێت، ئەمەش لەرێگەی بەکارهێنانی ئەو گازە ژەهراوییەی (یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن) کە خانە شێرپەنجەییەکان خۆیان بەرهەمی دەهێنن.
توێژەران، ئاوێتەیەکی کیمیایی دەستکردیان دروستکردووە کە وەک هاندەر کاردەکات، کاتێک ئەم ئاوێتەیە دەچێتە نێو خانە شێرپەنجەییەکانەوە، گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنی نێو خانەکان بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی دەرمانێکی ژەهراوی کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکە لەنێوەوە،ئەم تەکنیکە نوێیە، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی چارەسەرەکە تەنیا خانە شێرپەنجەییەکان بکاتە ئامانج و زیان بە خانە تەندروستەکانی دیکە نەگەیەنێت.
یەکێک لە سوودە گرنگەکانی ئەم رێگەیە ئەوەیە کە کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەری کیمیایی کەمدەکاتەوە، چونکە دەرمانەکە تەنها لەو شوێنەدا چالاک دەبێت کە پێویستە.
هەنگاوی داهاتووی توێژەران بریتییە لە تاقیکردنەوەی ئەم شێوازە لەسەر ئاژەڵ، پێش ئەوەی بچێتە قۆناخەکانی تاقیکردنەوەی مرۆیی.



