رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی سیدنی لە ئوستراڵیا دەریخستووە، دەرمانێکی دابەزاندنی کێش بەناوی "رێتاتروتاید" دەتوانێت وەستانی کاتیی هەناسەدان لەکاتی خەودا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
پڕۆفیسۆر د. رۆناڵد گرونشتاین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند، "چارەسەرە ستانداردەکان بۆ هەناسەتەنگیی کاتی خەو، وەک بەکارهێنانی ماسکی CPAP، بۆ زۆر کەس ناڕەحەتن، بۆیە لێکۆڵینەوەمان لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی وەک کێشی زیادە کرد."
توێژینەوەکە لە دوو قۆناخی جیاوازدا ئەنجامدراوە و بە بەشداریی کەسانی کێش زیاد و قەڵەو کە بەدەست هەناسەتەنگیی مامناوەند بۆ توندی کاتی خەو دەیانناڵاند، هەروەها بەشێک لە بەشداربووان نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوویان هەبوو، دەرکەوت دەرمانی رێتاتروتاید، بە چالاککردنی سێ هۆرمۆنی جیاواز لە جەستەدا کاردەکات، کە یارمەتی دابەزاندنی شەکری خوێن، هەستکردن بە تێربوون و زیادکردنی سووتاندنی کالۆری دەدەن.
ئەنجامەکانی توێژینەوە ئوستراییەکە دەریانخست
لە 52٪ـی ئەو بەشداربووانەی شەکرەیان نەبوو، هەناسەتەنگییەکەیان بۆ ئاستی ئاسایی یان نزم دابەزی.
بەشداربووان بە تێکڕا 18٪ بۆ 19٪ـی کێشی جەستەیان لەدەستدا.
پچڕانی هەناسەدان لەکاتی خەودا بە تێکڕا 25 جار لە کاژێرێکدا کەمیکرد، کە دەکاتە نزیکەی 40٪ کەم بوونەوە.
ئەم دۆزینەوەیە هیوایەکی نوێ دەبەخشێت بەو کەسانەی بەدەست هەناسەتەنگیی کاتی خەو و قەڵەوییەوە دەناڵێنن و لە ئەگەری پەسەندکردنیدا، دەبێتە بژاردەیەکی چارەسەریی نوێ.



