رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، نزیکەی 85.9٪ی منداڵانی هەرێم لانیکەم یەک ددانی کلۆریان هەبووە و دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی کێشی جەستەیان ئاسایی بووە، 83٪ کەمتر تووشی کلۆربوونی ددان بوون بەراورد بەو منداڵانەی کێشەی قەڵەوی یان لاوازییان هەبووە
دکتۆر، محەممەد خالید مەحموود، پزیشکی زانستە تەندروستییەکان دەریخستووە، لە هەرێمی کوردستان کێشەکانی خۆراک و کەمیی ڤیتامین و کانزاکان، وەک ڤیتامین D، هۆکاری سەرەکین بۆ کلۆربوونی ددانی منداڵان.
بەپێی دکتۆر محەممەد، ئەو منداڵانەی ئاستی ڤیتامین D لە خوێنیاندا لە ئاستی پێویستدا بووە سەروو 15 بۆ 20، رێژەی تووشبوونیان بە کلۆربوون بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە، ئەمەش جەخت لەسەر گرنگیی سیستمێکی خۆراکیی تەندروست دەکاتەوە بۆ پاراستنی تەندروستیی ددانەکان.
پزیشکان ئاماژە دەدەن، چاودێریی دەم و ددان هەنگاوی یەکەمە بۆ رێگری لە کلۆربوون. بۆ ئەم مەبەستە، پزیشکان رێنوێنی دەدەن:
- شوشتنی بەردەوامی ددان
- کەمکردنەوەی شیرینی
- پشکنینی خولی 3 مانگ جارێک
- رۆڵی دایک و باوک لە یارمەتیدانی منداڵ لە شوشتنی ددانەکانیدا



