رووداو - تەندروستی
کۆمەڵێک لە خانمە کوردەکانی نیشتەجێی شاری سیدنیی ئوسترالیا، بە بۆنەی مانگی ئۆکتۆبەر، کە مانگی جیهانیی هۆشیارکردنەوە لە شێرپەنجەی مەمکە، چالاکییەکی تایبەتیان بۆ هۆشیارکردنەوە و پشتیوانی لە تووشبووانی ئەو نەخۆشییە رێکخست و زیاتر لە 2 هەزار دۆلاری ئۆسترالییان بۆ پشتگیریی توێژینەوەکانی شێرپەنجەی مەمک کۆکردەوە.
چالاکییەکە بە هاوکاریی نێوان یانەی کۆمەڵایەتیی خانمان و تۆڕی خانمانی کورد بەڕێوەچوو. ئامانجی رێکخەران، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەسەر شێرپەنجەی مەمک و کۆکردنەوەی بەخشین بۆ پشتگیریی توێژینەوە زانستییەکانی ئەو نەخۆشییە بوو.
ساوان کەریم، دامەزرێنەر و رێکخەری مەراسیمەکە، بە رووداوی راگەیاند، هەڵمەتی بەخشینی خانمە کوردەکانی سیدنی بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەزار و 500 دۆلاری ئۆسترالی دەستی پێکردووە، بەڵام دواتر ئامانجەکەیان بۆ 2 هەزار دۆلار بەرز کردووەتەوە.
ساوان کەریم گوتی، بەهۆی دەستکراوەیی و پشتگیریی بەخشەرەکان، بەشداربووان و کۆمەڵگەی کوردی و هاوڕێکانیان لە ئوسترالیا، هەڵمەتەکە بە سەرکەوتوویی 2 هەزار و 161 دۆلاری ئۆسترالی کۆکردووەتەوە و لە ئامانجی دیاریکراوی تێپەڕیوە.
ئەم بڕە پارەیە لە رێگەی پەڕەی فەرمیی کۆکردنەوەی بەخشینی دامەزراوەی نیشتمانیی شێرپەنجەی مەمکی ئوسترالیا (NBCF) بۆ پشتگیریی توێژینەوەکانی شێرپەنجەی مەمک خەرج دەکرێت.
ساوان کەریم گوتی، لە چالاکییەکەدا د. قەمەر خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، گرنگیی هۆشیاری لەسەر شێرپەنجەی مەمک، پشکنین و دۆزینەوەی زووی نەخۆشییەکە، هەروەها گرنگیدانی خانمان بە تەندروستیی خۆیان خستووەتەڕوو.
دامەزراوەی نیشتمانیی شێرپەنجەی مەمک (NBCF) رێکخراوێکی خێرخوازیی ئوسترالییە کە پشتگیریی دارایی بۆ توێژینەوەکانی شێرپەنجەی مەمک دابین دەکات. ئامانجی سەرەکیی رێکخراوەکە پێشخستنی توێژینەوە زانستییەکانە بۆ باشترکردنی رێگاکانی دۆزینەوەی زوو و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە و کەمکردنەوەی مردن بەهۆیەوە.

