رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا ئاشکرای کردووە، وەرزشی مامناوەند دەتوانێت پێکهاتەی دەمارەکانی کۆنترۆڵکردنی لێدانی دڵ بگۆڕێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، چالاکیی جەستەیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئەو خانە دەمارانە هەبێت کە لێدانی دڵ کۆنترۆڵ دەکەن. ئەم دۆزینەوەیەش دەکرێت لە داهاتوودا رێگە بۆ چارەسەری وردتر بۆ هەندێک نەخۆشیی دڵ بکاتەوە.
د. ئاگۆستۆ کۆپی لە زانکۆی بریستۆڵ لە بەریتانیا دەریخستووە، وەرزشی هەناسەیی مامناوەند وەک (پیاسەکردنی خێرا، مەلەکردن و پاسکیلسواری) دەتوانێت پێکهاتەی ئەو دەمارانە بگۆڕێت کە کارکردنی دڵ رێکدەخەن، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لە لای راست و چەپی جەستەدا جیاوازن.
توێژینەوەکە کە لەسەر چەند مشکێک ئەنجام دراوە، کاریگەریی 10 هەفتە راهێنانی وەرزشیی لەسەر کۆمەڵە دەمارەکانی ناوچەی مل و سەرەوەی سنگی لێکۆڵیوەتەوە کە رۆڵێکی گرنگیان لە کۆنترۆڵکردنی لێدانی دڵدا هەیە. ئەنجامەکان دەریانخست کە دوای وەرزشکردن، ژمارەی خانە دەمارەکان لە لای راستی جەستەدا نزیکەی 4 هێندەی لای چەپ بووە. هاوکات، قەبارەی خانەکانی لای چەپ نزیکەی 1.8 هێندە گەورەتر بوون، لە کاتێکدا خانەکانی لای راست بچووکتر بوونەتەوە.
توێژەران ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم دۆزینەوەیە لە داهاتوودا دەتوانێت یارمەتی پەرەپێدانی شێوازی چارەسەری وردتر بۆ هەندێک کێشەی دڵ بدات، لەوانە لێدانی نائاسایی دڵ و ئازاری سنگ بەهۆی کەمی خوێن گەیشتن بە دڵ.
پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن، بە پێی تەمەن و دۆخی تەندروستیتان چالاکیی جەستەیی بەردەوام بکەن و ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە یان نیشانەیەکی نائاساییان هەیە، پێش دەستپێکردنی بەرنامەی وەرزشی قورس راوێژی پزیشکی وەربگرن.



